ئەنقەرە
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکوەزیرانی تورکیا و سەرۆکی گشتی ئاکپارتی لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا گوتارێکی پێشکەشکرد و تێیدا رەخنەی لە بەرپرسانی هەدەپە گرت و گوتی: "با ئەو کەسانەی ( مەبەستی پەرلەمانتاری ھەدەپە سری سورەئا ئۆندەرە) کە لە تورکیا باسی تیرۆری دەوڵەت دەکەن، سەرەتا بڕۆن لە ئاوێنە تەماشای خۆیان بکەن. تۆ بە پشتگیری تیرۆر بووی بە سەرۆکی شارەوانی، ئایا لەو شوێنانەی شارەوانی ئاکپارتییان تێیادا ھەیە خوێنڕژاوە؟ ئەگەر شتێ روویدابێ ئەوا لەو شوێنانەدا بووە کە ئێوە تێیدان، سەیر بکە نەتانتوانی لە بەرامبەر چالاکی دایکان لە دیاربەکر پشوو درێژبن، ئەوانەی منداڵی ئەو دایکانەی بردۆتە چیا و ئەوانەی پشتگیری ئێوەیان کردووە رێکخراوێکی تیرۆریستییە."
سەبارەت بە پرسی ئەو منداڵانەی کەسوکاریان دەڵێن لە لایەن پەکەکەوە رفێنراون، ئەردۆغان گوتی: "لە کاتێکدا منداڵانی ئێمە دەرفێنرێن و دەبرێنە سەر چیا، منداڵانی ئەوانەی کە دەستیان لە نێو دەستی تیرۆریستانە، منداڵی سەرۆکەکانی بەدەپە و ھەدەپە لە ئەمریکا و ئەوروپا دەخوێنن یان وەکو گەشتیار بۆ خۆیان دەگەڕێن. منداڵە ھەژارەکانی باشوور و باشووری رۆژھەڵاتی ئانادۆڵ لەسەر چیاکان مەحکومی ژیانێکی زۆر خراب و سەختن. ئەی کاربەدەستانی ھەدەپە و بەدەپە لە حاڵەتێکی بەو جۆرەدا ئێوە لە ماڵەوە چۆن سەیری منداڵانتان دەکەن؟ بۆ چارەسەری ئەو پرسە و گەڕاندنەوەی ئەو منداڵانە بۆ باوەشی دایکەکانیان، ئێمەیش رێگا و بەرنامەی خۆمان هەیە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ پێش ئەوەی پلان و بەرنامەکانمان جێبەجێ بکەین ھەدەپە کۆتایی بە چالاکی رفاندنی منداڵان بھێنێ و منداڵە رفێنراوەکان ئازاد بکا، چاوەڕێ دەکەین ھەدەپە ئەو پرسە چارەسەر بکا، ئەگەر دەترسن و یان ھەڕەشەیان لێدەکرێ با بە ئاشکرا بۆ رای گشتی باسی بکەن."