ئەنقەرە
ھاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان ئەرتوغروڵ كوردكچو، لە كۆبوونەوەی فراكسیۆنی حزبەكەیدا لە پەرلەمانی توركیا گوتەیەكی پێشكەش كرد و تیایدا ئاماژەی بەوە کرد كە جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی حزبەكەیان، پەروین بوڵدان، ئەمڕۆ بە بۆنەی ساڵیادەكەی، سەردانی گۆڕی ھاوسەرەكەی دەكا، كە لە 3ی حوزەیرانی ساڵی 1994 كوژراوە و گوتی: "پێویستە ھەموو ئەو كوشتنانەی بكەرەکانیان نادیارە كە لە ساڵانی 1990 ئەنجام دراون ئاشكرا بكرێن. ئەمە كۆسپێكە لەبەردەم پڕۆسەی چارەسەر."
كوركچو باسی لەوە کرد كە كۆسپێكی دیكە لەبەردەم پڕۆسەكە ھەیە و گوتی: "پێویستە توركیا سیاسەتی خۆی بەرامبەر سوریا بگۆڕێ و واز لە یارمەتیدانی چەتەكان لە سوریا بێنێ."
گوتیشی: "سەرۆكوەزیران ئەردۆغان ناوی حزبەكەمانی وەك پارتی دیموكراسی ئازاد ناو برد، دیارە لەگەڵ پارتی داوای ئازادی تێكەڵی دەكا، ئەوان خۆشەویستەكەی ئەردۆغانن، ئێمە پارتی دیموكراتی گەلانین."
ناوبراو باسی لەوەش کرد کە یەکێکی دیکە لەو کۆسپانە سەپاندنی بابەتی بردنی منداڵەكانە لە لایەن پەكەكەوە بۆ شاخ، بەسەر سیاسەتی کورد و گوتی: "پێویستە بابەتی سەربازی منداڵی ناو پەیماننامەی مافی منداڵانی نێودەوڵەتی، لە تورکیا پەسەند بكرێ."
كوركچو گوتی: "پێشنیار بۆ خێزانەكان دەکەم، لەگەڵ ئێمە و حكومەت پەیوەندییان هەبێ بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی سیاسی."
ئاماژەشی کرد کە چارەسەركردنی ئەم بابەتە لەوەدایە توركیا خاڵی پەروەردەی منداڵان بە زمانی دایك و كەلتوورەكەی، كە لە ناو پەیماننامەی مافی منداڵانی نەتەوە یەكگرتووەكاندایە، پەسەند بكا.