Hemin Hüseyin
12 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2017
هەولێر - AA
هەفتەی رابردوو، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و بڕیاریشیدا باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە تەلئەبیبەوە بگوازێتەوە قودس و ئەمەش نیگەرانیی بەدوای خۆیدا هێنا.
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، دکتۆر عەبدوڵڵا وەرتی رایگەیاند کە قودس پێگەیەکی بەهێزی لە لای موسڵمانان هەیە و هیچ لایەنێک ناتوانیت بە تەنها چارەنووسی ئەو شارە دیاری بکات، پێشی وایە بۆیە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی بێ هەڵوێستن چونکە دەسەڵاتدارەکانییان بەرژەوەندییە ئابووریی و سیاسییەکانیان بەر لە بەرژەوەندییە ئایینیەکانیان دەبینن.
دکتۆر عەبدوڵڵا وەرتی لە لێدوانیکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە پێمان وایە کە ئەو بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە ناساندنی قودس بە پایتەختی ئیسرائیل، تەواو پێچەوانەیە لەگەڵ یاسا نێودەوڵەتییەکان و بڕیارەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان، کاتێک بڕیار دەدات کە قودس شارێکی داگیرکراوە. شارێکیش کە داگیرکراوبێت، بە هیچ شێوەیەک رێگەی تێناچیت ببێتە پایتەختی ئیسرائیل کە وڵاتێکی داگیرکارە".
دکتۆر عەبدوڵڵا وەرتی پێی وایە دوای ئەو بڕیارە ئەوا ناوچەکە رووبەڕووی گرفت و کێشەی گەورە دەبێتەوە و گوتی: "قودس پیرۆزییەکی ئایینی هەیە بۆ موسڵمانان و مەسیحییەکان و جوولەکەش، بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە موڵکی دەوڵەتی ئیسرائیلە ئەوا بە دڵنیاییەوە ناوچەکە رووبەڕووی گرفت و کێشە دەکاتەوە. بۆیە پێمان وایە بڕیارەکە لە جێگای خۆی نییە و ئاماژەی سەرهەڵدانی مەترسییەکی گەورەیە لە داهاتوودا".
گوتیشی: "داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی موسڵمان دەکەین کە هەوڵە دیپلۆماسی و سیاسییەکانییان بخەنە گەڕ لە پێناو رێگەگرتن لە جێبەجێکردنی ئەو بریارەی کە لە لایەن ئەمریکا دراوە و جێگای خۆیەتی کە ئەمریکا پاشگەزبیتەوە لە بڕیارەکە".
گوتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستان، دکتۆر عەبدوڵڵا وەرتی ئاماژە بەوە دەکات کە بنەماکانی ئایین لە لای زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی کاڵبووەتەوە و ئەمەش بووەتە هۆی دەرکردنی بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ و گوتی: "لە راستیدا بێ هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە زۆربەی زۆری ئەو وڵاتانەی کە ناویان وڵاتی ئیسلامییە لە راستیدا کاڵبوونەتەوە لە رووی ئایین و بنەماکانی. هێندەی بایەخیان بۆ بنەماکانی ئابووری و سیاسیی هەیە، هێندە لە بەرژەوەندی ئاییندا نەماون، بۆیەش رۆژ بە رۆژ لە پاشەکشەدان، ئەگەر سەیری بکەین ئەورووپا و ئەمریکا لەگەڵ ئەوەی کە سیکۆلاریشن، بەڵام بایەخێکی زۆر دەدەن بە شوێنە پیرۆزەکانی خۆیان، بەڵام بەداخەوە قودس لە لایەن دەوڵەتانی بەناو ئیسلامیی هیچ جۆرە بایەخ و بەهایەکی بۆ نەماوەتەوە بۆیە ناتوانن یەک هەڵوێست بن".
لە ئەگەری جێبەجێکردنی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، عەبدوڵڵا وەرتی گوتی: "بە هیچ شێوەیەک ئەو بڕیارە جێگای خۆی ناگرێت و قودس هەر بە موڵکی فەڵەستینییەکان دەمێنێتەوە و هەموو ئایینەکان بەڕێزەوە سەیری قودس دەکەن و بە دڵنیاییەوە قودس قیبلەی موسڵمانان بووە و هەر بەو پیرۆزییەش دەمینێتەوە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، هادی عەلی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "گرنگی شاری قودس لە رووی ئایینییەوە هەموومان دەزانین کە مەنزڵگای پێغەمبەرانە و لەبەر ئەوە مەسەلەیەکی گرنگە و دەتوانین بڵێین قودس موڵکی هەموو مرۆڤایەتییە و هەر جۆرە مامەڵەیەکی سیاسیی لەگەڵ شاری قودس ئەگەر رەچاوی ئەو لایەنە تایبەتە نەکات ئەوا بڕیارێکی زۆر هەڵەیە، چونکە بە نسبەت موسڵمانان ئەوا قیبلەی یەکەمی موسڵمانان بووە و شوێنی ئیسرا و میعراجی پێغەمبەر بووە. لەماوەی ١٤ دەیەی رابردوودا شوێنێکی تایبەت بووە بۆ هەموو موسڵمانان و ئەم بڕیارەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە رووی ئینسانیی و ئایینیی و سیاسییەوە بڕیاریکی هەڵەیە کە لەسەر ئاستی جیهان هەموو لایەنێک بە هەڵەی دەزانن و لە کۆی ١٥ ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش ١٤ ئەندامیان دژی ئەو بریارە بوونەوەتەوە".
سەبارەت بە بێ هەڵوێستی وڵاتانی عەرەبی و ئیسلامیی لەبارەی ئەو بڕیارەوە، هادی عەلی گوتی: "هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سیستەمی وڵاتان دیکتاتۆرن و لە ئاستی خواست و هیوا و ئاواتی میلـلەتەکەیان نین و لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی میلـلەت لە دۆڵێک و فەرمانڕەواکان و دەسەڵاتدارەکان لە دۆڵێکن، بۆیەش نەیانتوانیووە وەک پێویست گوزارشت لە پیرۆزییەکانی خۆیان بکەن، هەر لەبەر ئەوەشە کە هەڵوێستیان وا لاوازە".
سەرۆکی ئەنجوومەنی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان گومان دەخاتە سەر بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ و پێی وایە ئەگەری ئەوەی هەیە پێشتر رەزامەندی چەند وڵاتێکی عەرەبی ئیسلامیی وەرگیرابێت و لەمبارەیەوە گوتی: "ئەگەر پێشتر ئەمریکا بیزانیبووایە دەسەڵاتدارانی وڵاتانی عەرەبی هەڵویستی باش و مەحکەمییان دەبێت رەنگە هەر بڕیارەکەی نەدابوایە، دەنگۆی ئەوە هەیە کە رەنگە پێشتر بە شێوەیەک لە شێوەکان رەزامەندی هەندێک لە وڵاتانی عەرەبی وەرگیرابێت".
هادی عەلی گوتیشی: "لە ئیستاوە دیارە کە میلـلەتان ناڕەزایەتیی و بێزارییەکی زۆر رووی تێکردوون و لەماوەی دوو ساڵی رابردوودا مەسەلەی فەڵەستین هەندێک پەراوێزخرابوو، بەڵام ئێستا ئەم بڕیارە هەڵەی سەرۆکی ئەمریکا مەسەلەی فەڵەستینی هێناوەتەوە گۆڕەپانەکە و بێگومان جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە ناتوانرێت بە ئاسانی وەربگیرێت".
- نیو سەدەیە قودس لە ژێر داگیرکارییدایە.
چەند رۆژێک لەمەوبەر، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڕیاری ژمارەی ٤٧٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٨٠ کە دانی بە راگەیاندنی قودسی رۆژهەڵات وەک پایتەختی ئیسرائیل دا نەنا، پێشێل کرد و قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە بە فەرمی دان بە قودس دابنێین وەک پایتەختی ئیسرائیل".
هەروەها ترەمپ راگەیاند کە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەی راسپاردووە بۆ دەستکردن بە ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە شاری تەلئەبیبەوە بۆ قودس.
ئیسرائیل لە پێنجی حوزەیرانی ١٩٦٧ەوە قودسی رۆژهەڵاتی داگیرکردووە. لە ساڵی ١٩٨٠وە تاکلایەنە بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەکەی وەک "پایتەختی یەکگرتوو" راگەیاندبوو.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە پەسەندکردنی بڕیاری ژمارە ٤٧٨ لە ساڵی ١٩٨٠ راگەیاندنی قودسی بە پایتەختی ئسرائیل، رەتکردەوە.
بە پێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەمریکاشەوە دان بەوە دادەنێن کە قودسی رۆژهەڵات لە ژێر داگیرکاریدایە.
سەرجەم ئەو وڵاتانەی دان بە ئیدارەی ئیسرائیل دادەنێن باڵیۆزخانەکانیان لە تەلئەبیبە و، هیچ وڵاتێک دان بەوە دانانێت کە قودس یان بەشی رۆژهەڵات یان رۆژئاوای شارەکە پایتەختی ئیسرائیلە.