Salih Bilici,Muhammet Ali Kemal
10 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2017
سیواس - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل لە لایەن ئەمریکاوە، رایگەیاند "لێدوانەکەی ترەمپ لای ئێمە لەبری نەبووە. هیچ بەهایەکی نییە. دیاریکردنی ئەوێ وەک پایتەخت لە لایەن ئێوەوە، گواستنەوەی باڵیۆزخانەتان بۆی، لای ئێمە هیچ بەهایەکی نییە، لەبری نەبووە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە شەشەمین کۆنگرەی ئاسایی پارتەکەیدا لە شاری سیواس گوتارێکی پێشکەش کرد.
ئەردۆغان رایگەیاند ''قودس نووری چاوی ئێمەیە، ناتوانین قودس جێبهێڵین بۆ ویژدانی وڵاتێکی منداڵکوژ. ئەو شارە بۆ ویژدانی وڵاتێک جێناهێڵین کە جگە لە داگیرکردن و تاڵانکردنی قودس هیچ بەهایەکی دیکەی نییە. لەچوارچێوەی یاسا و دیموکراسییدا بە مکووڕییەوە خەباتمان درێژە پێدەدەین''.
سەرکۆماری تورکیا گوتیشی: ''ئێمە مرۆڤگەلێکین کە کاتێک دەگوترێت 'کێ هەیە'، بێ ئەوەی سەیری لای راست و چەپ بکەین، یەک یەکەمان بە هاوارەوە دەڵێین 'من هەم' و ئەوەمان کردووەتە تەوەری ناوەندیی ژیانمان. بۆ ئێمە ئەوەی کە کێ ستەمکار و کێ ستەملێکراوە هیچ گرنگییەکی نییە. هەڵوسێتی خۆمان بە پێی ناسنامە، زمان، ئایین و هێزی موخاتەبەکانمان نا بەڵکو بە پێی ئەوەی لەسەر هەقە یان نا، دیاریی دەکەین. ئەگەر هات و ستەمکار برای رەسەنی خۆیشمان بێت سڵ لەوەناکەینەوە دژایەتیی بکەین''.
هەروەها رایگەیاند: "ئەو وڵاتانەی بە قسەی خۆ لانکی دیموکراسی گەشەکردوون، بە داخەوە بنەڕەتترین ماف و ئازادییەکان بێباکانە لەناو دەبەن. دەیانەوێت ئێمە بەرامبەر ئەم دیمەنە بێدەنگ بین، بکشێینەوە و چۆک بۆ نادادی دابدەین و رازی بینن بەوەی سیستەمی ستەمکاریان لەسەر خوێنی منداڵەکانمان بونیات بنێن و بەهاکانمان بخەنە ژێر پێیان و رێگای خۆبەدەستەوەدان هەڵبژێرین. با باش بزانن خوشک و براکانمان، موسڵمانان بە تایبەت تورکی موسڵمان کەسانی بوێرن".
رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل لە لایەن ئەمریکاوە، گوتی: "بڕیارەکەی ترەمپ لای ئێمە لەبری نەبووە. هیچ بەهایەکی نییە. دیاریکردنی ئەوێ وەک پایتەخت لە لایەن ئێوەوە، گواستنەوەی باڵیۆزخانەتان بۆی، لای ئێمە هیچ بەهایەکی نییە، لەبری نەبووە".