قودس
ئۆفیر گەندەلمان گوتەبێژی ئەنجومەنی وەزیرانی ئیسرائیل لە سەر پێگەی تایبەتی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاویكردەوە كە كابینەی ئەمنی ئیسرائیل بە سەرۆكایەتی سەرۆكوەزیران بنیامین ناتانیاهۆ لە كۆبوونەوەی بەیانی ئەمڕۆدا دەستپێشخەری میسری بۆ راگەیاندنی ئاگربەست قبوڵ كردووە و لە سەعات نۆی بەیانییەوە ئاگربەست راگەیەنراوە.
میسر دوێنێ ئاماژەی بەوە كردبوو كە بۆ رێگریكردن لە بەردەوامی شەڕ و رێشتنی خوێن لە ناوچەكەدا پێشنیاری ئاگربەستی ئاراستەی هەردوولا كردووە.
دوای دۆزینەوەی جەنازەی سێ گەنجی ئیسرائیلی لە غەززە كە رۆژی 12ی حوزەیران بێ سەروشوێن كرابوون، رۆژی دووی تەمووزیش گەنجێكی فەلەستین رفێنرا و دواتر بە كوژراوی دۆزرایەوە و بەو هۆیەوە لە نێوان هەردوولادا دووبارە ئاڵۆزی و ناكۆكی سەری هەڵدایەوە و حكومەتی ئیسرائیلیش رۆژی حەفتی تەمووز راگەیاندبوو كە لە دژی حەماس ئۆپەراسیۆنێكی بە ناوی ئۆپەراسیۆنی هێڵی بەرگری دەست پێكردووە.
لەو رۆژەوە تا دوێنێ سوپای ئیسرائیل چەندین ناوچەی جیاجیای غەزەی بۆردمان كرد و بە هۆیەوە 189 كەس كوژران و نزیكەی 400 كەسیش بریندار بوون