قودس
سەرۆكی پێشووی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل مەیر دۆگان لە میانی بەشداری لە خۆپیشاندانی ئیدانەكردنی سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بێنیامین ناتانیاهو لە تەل ئەڤیڤ رایگەیاند: "ماوەی شەش ساڵە ناتانیاهو سەرۆكوەزیرە و ئیسرائیل لە هیچ سەردەمێكدا ئەوەندەی ئەمڕۆ لە رەوشێكی خراپدا نەبووە و ناتانیاهو لەم شەش ساڵەی سەرۆكایەتیدا بۆ داهاتوویەكی باشتر هیچ دەستپێشخەرییەكی نەكردووە".
دۆگان هێرشەكانی هاوینی رابردووی ئیسرائیلی بۆ سەر غەززە کە بە هۆیانەوە زیاتر لە دوو هەزار كەس كوژران بە شکست وەسف كرد و جەختی لەوە كردەوە بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە كە هیچ ئەنجامێكی دیپلۆماتیكیشی نەبووە ئیسرائیل قوربانی زۆری داوە.
مەیر دۆگان كە ساڵی 2002 لە لایەن ئاریەل شارۆنەوە كراوەتە بەرپرسی دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل، ساڵی 2011 لەسەر ویستی خۆی دەستی لەو پۆستە كێشاوەتەوە و دواتر لە لێدوانە جیاجیاكانیدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن رەخنەی لە سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیل بێنیامین ناتانیاهو گرتووە.
بەپێی ئەنجامی ئەو راپرسییانەی لەبارەی هەڵبژاردنەكانی 17ی ئادارەوە كە 11 پارتی سیاسی بەشدار دەبن، چاوەڕوان دەكرێت كوالسیۆنی سەیۆنیستی بە سەرۆكایەتی پارتی كرێكاران كە لەلایەن ئیزاق هەرزۆگەوە سەرۆكایەتی دەكرێت و پارتی لیكود كە لەلایەن ناتانیاهویەوە سەرۆكایەتی دەكرێت زۆرترین رێژەی دەنگەكان بەدەست بهێنن.
بەپێی سیستەمی هەڵبژاردنی ئیسرائیل كە سەرانسەری وڵاتی وەكو یەك ناوچەی هەڵبژاردن دەستنیشان كردووە، دەنگدەرەكان دەنگ بە پاڵێوراوەكان نادەن بەڵكو دەنگ بە لیستی پارتەكان دەدەن و بۆ دامەزراندنی حكوومەت لەكۆی گشتی 120 كورسی پەرلەمان پێویستە لایەنی سەركەوتوو 61 كورسی هەبێت.