Hemin Hüseyin
13 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 14 کانوونی دووەم 2019
هەولێر - AA
بەرپرسی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەبدوڵڵا ئاکرەیی رایگەیاند، وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف رۆژی سێشەممە سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی کۆدەبێتەوە.
باڵیۆزخانەی ئێران لە بەغدا لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف سەردانی عێراق دەکات و سبەی دووشەممە، لەگەڵ هەریەک لە سەرۆکوەزیران، عادل عەبدولمەهدی و سەرۆکی پەرلەمان، محەمەد حەلبوسی کۆدەبێتەوە و رۆژی سێشەممەش بەرەو هەولێر بەڕێدەکەوێت.
سەبارەت بە سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف بەرپرسی پەیوەندییەکانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامیی ئێران، عەبدوڵڵا ئاکرەیی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ئەجێندای بەرنامەی وەزارەتی دەرەوەی ئێراندا هەبوو کە وەزیری دەرەوە سەردانی عێراق بکات و ئەم سەردانەش لە چوارچێوەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئێرانە".
عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتیشی: "لە چوارچێوەی ئەو بەرنامەیەدا، ئەوان ئاگاداری ئێمەیان کردووەتەوە کە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف سەردانی هەولێریش دەکات، بۆ ئەم مەبەستەش حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری خۆی دەستپێکرد بۆ پێشوازیکردن".
لەبارەی ئەجێندای سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەولێر، عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتی: "بڕیادرا رۆژی سیشەممە، وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانەکەی بۆ هەرێمی کوردستان ئەنجام بدات، لێرە کۆڕ و گفتوگۆ ئەنجام بدات و چاوی بە جەنابی بارزانی دەکەوێت و پاشان دەچێتە سلێمانی بە مەبەستی سەردانی گۆڕی مام جەلال و هەروەها بەشداریکردن لە کۆنفڕانسێکی ئابووری".