Hemin Hüseyin
29 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 30 ئاب 2017
هەولێر-AA
سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە بە هەموو شێوەیەک هەوڵی ئەوە دەدەن کە بزووتنەوەی گۆڕان بگەڕێتەوە پەرلەمان، بەڵام لە حاڵەتی نەگەڕانەوەیان بۆ پەرلەمان ئەوا لەگەڵ بەشێک لە فڕاکسیۆنەکانی دیکەی ناو پەرلەمان، پەرلەمان کارا دەکەنەوە.
سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، ئومێد خۆشناو لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە لەگەڵ ئەوەداین بەهەر شێوازێک بێت پەرلەمان کارا ببێتەوە، چونکە لەم دۆخەی ئێستادا پێویستە و کاتی خۆیشی ئێمە لەگەڵ ئەو بارودۆخە نەبووین بەڵام بە ناچارییەوە ئەو کارە کراوە، ئێستاش هەوڵەکان بەردەوامن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و باشترین بژاردەش گەڕانەوەی ئەو هێز و لایەنە سیاسیانەیە کە پێشتر رێککەوتنمان هەبووە".
ئومێد خۆشناو گوتیشی: "ئێمە پێمان باشە پەرلەمان کارابکرێتەوە بە مەبەستی باشکردنی بارودۆخی خەڵک و چاککردنی سیستەمی پاشەکەوتی مووچە و پشتگیری و پشتیوانیکردن لە پڕۆسەی ریفراندۆم و گەیشتن بە ئامانجەکانمان لە سەربەخۆییدا".
سەبارەت بە دیاریکردنی وادەی کۆبوونەوەی دیکە لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، ئومێد خۆشناو گوتی: "دوای کۆبوونەوەکەی هەفتەی رابردوو، هیچ کۆبوونەوەیەکی دیکە نەکراوە، بەڵام لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان قسەکراوە کە ئەوانیش هەوڵ بدەن لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان قسە بکەن بۆ ئەوەی سوود لەو دەرفەتە وەربگیرێت و ئەو دەستپێشخەرییانەی کە هەیە بمانگەیەنێتە ئەو ئەنجامەی کە رێککەوتنی لێ بکەوێتەوە، ئەگەریش رێککەوتنی لێ نەکەوێتەوە ئەوا وەک هێز و لایەنەکان ئیتر چاوەڕێی دواخستن و دەستی دەستی پێکردنی بزووتنەوەی گۆڕان ناکەین، بەڵکو بە شێوازێکی دیکەی دیموکراسیانە و لە رێگای زۆرینە و کەمینە دەستەی سەرۆکایەتییەکە بگۆڕین بۆ ئەوەی پەرلەمان ببێتە بەشێک لە پڕۆسە نیشتمانییەکە".
لەبارەی کاتێکی دیاریکراو بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی، ئومێد خۆشناو گوتی: "ماوەیەک دیاریی نەکراوە و پێمان وایە زۆریش درەنگە بەڵام هێشتا کاتێکی کەممان لەبەردەمدا ماوە، هیوادارم بگەینە ئەنجام بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام مانای ئەوە نییە کە پڕۆسەکە بوەستێت، ئەگەر هێزێک هەبێت و پێی وابێت پەرلەمان کارانەکرێتەوە بۆ ئەوەی رێگری بکات لەبەردەم بەرەو پێشەوەچوونی پڕۆسەی ریفراندۆم، بە دڵنیاییەوە دەبێت ئەو هێزە قەناعەتی هەبێت کە پەرلەمانیش کارانەکرێتەوە، پڕۆسەی ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت، هەروەها ئەگەر هێزێک هەبێت بیەوێت پەرلەمان کارابکرێتەوە بۆ ئەوەی ببێتە تەعقیدات دروستکردن لەبەردەم پڕۆسەی ریفراندۆم، ئەوا دەبێت ئەو هێزەش دڵنیابێت کە پەرلەمان کارابکرێتەوە یان نا ئەوا پڕۆسەی ریفراندۆم بەڕێوەدەچێت".
ئومێد خۆشناو گوتیشی: "بەڵام ئەگەر بەم شێوازەی ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان هیچ کام لە دەستپێشخەرییەکانی قبووڵ نەبێت وهیچ هەنگاوێک نەهاوێژێت و بەردەوام بێت لە دانانی مەرج و مەرجکاری بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، ئەوا ئێمە لەگەڵ لایەنەکانی دیکە قسەمان کردووە و تێگەیشتنێکی باشمان هەیە لەوەی کە ئەگەر پلانی یەکەم سەرکەوتوو نەبوو لەوەی کە پەرلەمان کارابکرێتەوە و هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکان تیایدا بەشداربن، ئەوا پلانی دووەم جێبەجێ دەکرێت کە بە دەنگی زۆرینە و کەمینە دەستەی سەرۆکایەتییەکە بگۆڕین و پەرلەمان کارابکەینەوە".
سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆڕان و نوێبوونەوەی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژە بەوە دەکات کە چاوەڕوانی ئەوە دەکەن کە پارتە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان بگەنە رێککەوتنێک و ئاشکرایشی دەکات کە هەر لایەنێک هەوڵی کاراکردنەوەی پەرلەمان بدات، ئەوان لەگەڵ ئەو لایەنە دەچنە هۆڵی پەرلەمان.
سەرۆکی فڕاکسیۆنی گۆڕان و نوێبوونەوەی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، محەمەد ئیلخانلی سەبارەت بەم پرسە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەوڵی پارتە سیاسییەکان بەردەوام بوو، لەدوا کۆبوونەوەش بڕیاریاندا کە تا ٢٠ی ئەم مانگە پەرلەمان کارابکرێتەوە بەڵام لەبەر ئەوەی پارتە سیاسییەکان نەگیشتوونەتە رێککەوتنێک بۆیە چاوەڕوان دەکرێت پارتە سەرەکییانەکانی وەک پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان هەوڵی زیاتر بدەن بۆ گەیشتنە رێککەوتنێک، چونکە پارتە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاریاندا کە پەرلەمان کارابکرێتەوە و هەوڵبدەن دۆخەکە وەکو جاران ئاسایی بکرێتەوە یان ئەو پارتانەی ئیرادەیان هەیە ئەوا بڕیارێک وەرگرن بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان جارێکی دیکە دەست بە دانیشتنەکانی بکاتەوە".
محەمەد ئیلخانلی گوتیشی: "ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان گەڕایەوە ئەوا پەرلەمان ئاسایی دەکرێتەوە بەڵام پێشبینی دەکەم ئەگەر سەرۆکی پەرلەمان نەگەڕانەوە پێش ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم، ئەوا دەستەیەکی تازە بۆ سەرۆکایەتی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت".
سەبارەت بە هەڵوێستی ئەو فڕاکسیۆنەش لە ئەگەری کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان بە بێ بزووتنەوەی گۆڕان، محەمەد ئیلخانلی گوتی: "ئێمە وەکو لایەنی تورکمانی چاوەڕێی رێککەوتنی سیاسیی دەکەین، هەر لایەنێک بیەوێت پەرلەمان کارابکاتەوە ئەوا ئێمە لەگەڵ ئەو لایەنە دەچینە هۆڵی پەرلەمان و هەوڵ دەدەین پەرلەمان کارابکرێتەوە، تاوەکو ئێستاش هیچ کاتێک دیاریی نەکراوە بۆ هەڵبژاردنی ئەو دەستەیە، بەڵام ئێمە پێمان باشە بەر لەوەی پەرلەمان کارابکرێتەوە ئەوا رێککەوتنێک هەبێت، باشتریش وایە بەر لە ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم، پەرلەمان دەست بە دانیشتنەکانی بکاتەوە".