Hemin Hüseyin
26 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2017
هەولێر-AA
بەرەی تورکمانی کە خاوەنی یەک کورسییە لە پەرلەمانی کوردستان پانێڵێکی بۆ فراکسیۆنەکانی بزووتنەوەی ئیسلامیی، حزبی شیوعی، حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، بزووتنەوەی ئاشووری، بەرەی تورکمانی و ئاراستەی سێیەم لە ژێر ناونیشانی (رۆڵی لایەنە سیاسییەکان لە کاراکردنەوەی پەرلەمان) ئەنجام دا بەئامانجی دۆزینەوەی رێگایەک و ئالییەتێک بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و وەرگرتنی راو سەرنج و بۆچوونەکانی ناو پەرلەمان.
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف رایگەیاند، بەو پێیەی کە پەرلەمان گەورەترین دەزگای بڕیاردانە بۆیە دەبێت کارا بکرێتەوە و، پشتیوانی بەرەی تورکمانی دەربڕی بۆ هەر پڕۆژەیەک کە ببێتە هۆی کاراکردنەوەی ئەو دەزگایە و گوتی: "ئێمە وەکو بەرەی تورکمانی و پێکهاتەی تورکمان لە هەرێمی کوردستان، پشتیگری هەر جۆرە پڕۆژەیەک دەکەین کە ببێتە هۆی کاراکردنەوەی پەرلەمان چونکە پەرلەمان گەورەترین دەزگای بڕیاردانە لە هەرێمی کوردستان"
لە پانێڵەکەدا سەرۆکی فراکسیۆنی ئازادی لە پەرلەمانی کوردستان، ئەبو کاروان بەناوی حزبی شیوعییەوە ئاماژەی بەڕۆڵی پەرلەمان کرد و جەختیکردەوە کە هەموو کێشەکان بەگفتوگۆ چارەسەر دەبن و گوتی: "ئێمە پێمان وایە گفتوگۆ بکرێت لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان، ئەوا دەبێت گفتوگۆ لەسەر حکوومەت و سەرۆکایەتی هەرێمیش بکرێت چونکە بەبێ ئەوانە هیچ مانایەکی تەواو ناگەیەنێت و هەموو قەیرانەکان گرێدراون بەیەکەوە و دەبێت دانوستان لەسەر هەموویان بکرێت".
سەرۆکی فڕاکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامیی کە ئەویش خاوەنی یەک کورسییە لە پەرلەمانی کوردستان و لە بەرەی ئۆپۆزسیۆندایە پێی وایە کۆبوونەوەکانی نێوان لایەنە سیاسییەکان تەنها کات بەفیڕۆدانە و چاوەڕوانی هیچ دەرەنجامێک لەو کۆبوونەوانە ناکەن.
سەرۆکی فڕاکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامیی لە پەرلەمانی کوردستان، شوان قەڵادزەیی گوتی: "پێموایە رۆڵی لایەنە سیاسییەکان لە کاراکردنەوەی پەرلەمان بریتییە لە کۆبوونەوەی زۆر و کات بەفیڕۆدان و کۆبوونەوەکان هیچ دەرەنجامێکی نابێت، لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک لە حاڵەتی شەڕێکی سەختی دەروونیدایە، بۆیە هەر پڕۆژەیەک هاتبێتە لای ئێمە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، ئەوا ئێمە واژوومان لەسەری کردووە و تا ئێستا هیچ ئەنجامێکی نەبووە".
سەرۆکی فراکسیۆنی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، ئاماژە بەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان بەچەند قەیرانێکدا تێپەڕبووە و نابێت پەرلەمان بکرێتە گۆڕەپانی ململانێیە سیاسییەکان.
سەرۆکی حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان، عەبدوڵڵا حاجی مەحمود لە پانێڵەکەدا گوتی: "هەرێمی کوردستان بەچەند قەیرانێکدا تێپەڕ دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا رەوشی ناوخۆی عێراق تەواو تێکچوو، بۆیە دەبوو پەرلەمان نەکرێتە بەشێک لەو ململانێیە و ئێمە وەکو حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان هەمیشە هەوڵەکانی خۆمان وەگەڕ خستووە بۆ چارەسەرکردن و کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ ئەوەی هەموومان لەو قەیرانە چەقبەستووەی هەرێمی کوردستان رزگارمان بێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی ئاراستەی سێیەم کە ئەویش هەروەها خاوەنی یەک کورسییە لە پەرلەمانی کوردستان، باپیر کامەلا ئاماژەی بەسەرەتای دروستبوونی حکوومەتی هەرێمی کوردستان کرد کە لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دروست بوو و گوتی: "سەرەتا کاتێک حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەنێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان دروست بوو، سەردەمی پەنجا بەپەنجا بوو، دواتر سەرەڕای تێپەڕاندنی هەموو قۆناغە جیاوازەکان، حکوومەتێکی هاوبەش پێکهات بەڵام لەم دواییەدا و بەتایبەت خولی ئەمجارەی پەرلەمان، ئەگەر سەیر بکەیت زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان کەوتبوونە ژێر کاریگەری حزبەکانییان و لێدوانە ئاگرینەکان، ئەمەش هۆکارێک بوو بۆ پەکخستنی پەرلەمان".
ماوەی یەک ساڵ و نیو دەبێت بەهۆی ململانێی سیاسیی و نەگەیشتن بەڕێککەوتن، پەرلەمانی کوردستان لە کارکەوتووە و لە ئێستاشدا پارتی دیموکراتی کوردستان وەکو پارتی سەرەکی دەسەڵات بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکییەکان و کاراکردنەوەی پەرلەمان، کۆبوونەوەی بۆ لای لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەست پێکردووە.