هەولێر-AA
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، کاکەمین نەجاڕ: "ئێمە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەیەکتر نزیکین و ئەزموونیش ئەوەی سەلماندووە هەر کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەیەکتر نزیک بووبن ئەوا بارودۆخی هەرێمی کوردستان سەقامگیر بووە، بۆیە دوورکەوتنەوەی ئەو دوو حزبە لەیەکتر کارێکی خراپە و لەبەرژەوەندی کەسدا نیيە".ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان باس لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکرایەتی حزبەی دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ کرا لەسەر ئەوەی شاندێک پێکبهێندرێت کە هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەخۆ بگرێت و ئەو شاندە سەردانی بەغدا بکات و گفتوگۆ لەگەڵ لایەنەکانی عێراق بکات و ئاماژە بەوە دەکات کە سەردانیکردنی ئەو شاندە بۆ بەغدا گرنگیی تایبەتی خۆی هەیە چونکە بابەتێکی گرنگ لەگەڵ بەغدا باس دەکرێت ئەویش پرسی ئەنجامدانی ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستانە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی و سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارێزگای هەولێر، کاکەمین نەجاڕ، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی ئەوە کرا کە شاندێک پێکبهێندرێت بۆ سەردانیکردنی بۆ بەغدا، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەش باسمان کردووە کە دەمانەوێت شاندێک پێکبهێنین و ئەو شاندە نوێنەری هەموو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانی وەکو تورکمان و مەسیحی و پێکهاتەکانی دیکەشی تێدابێت، بە گشتی شاندێکی گشتگیربێت بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی جددی لەگەڵ بەغدا بکەین لەسەر مەسەلەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان، چونکە لە ئێستادا پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا باش نییە و ئەو رێککەوتننامەیەی لەدوای رووخانی رژێمی بەعس حکوومەتی عێراقی لەسەر پێکهاتووە، ئەو رێککەوتننامەیە کاری پێناکرێت، پۆستەکانی کورد لە بەغدا بە خەڵکی دیکە پڕکراوەتەوە و یاساکان لە ئەنجوومنەی نوینەران بە کەمینە و زۆرینە بەڕێدەکەن و لەو چوارچێوەیەشدا ئەگەر یاسایەک بە زۆرینە و کەمینە بڕیاری لەسەر بدرێت ئەوا بە دڵنیاییەوە لە بەرژەوەندی کورددا نییە چونکە لە بەغدا ئێمە 59 ئەندام پەرلەمانمان هەیە و پێویستە بڕیارەکان بە رێککەوتن دەربچن".
دوای سەردانیکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ لای لایەنە سیاسییەکان و بڵاوبوونەوەی دەنگۆی ئەگەری واژووکردنی رێککەوتنێکی دیکەی ستراتیژی لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان یاخود هەموارکردنەوەی ئەو رێککەوتننامە ستراتیژییەی کە پێشتر لە نێوانیاندا هەیە و تاکو ئێستاش بەردەوامە، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت کە پێیان باشە رێککەوتنێکییان لەگەڵ یەکێتیی نیشمانی کوردستاندا هەبێت.
کاکەمین نەجاڕ کە هاوکات ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی دیموکراتی کوردستانە، پێیوایە هەرکاتێک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان لەیەکتر نزیکبوونەتەوە، ئەوا هەرێمی کوردستان سەقامگیریی و ئارامی بەخۆیەوە بینیووە و ئاماژە بە نزیکبوونەوەی ئەو دوو حزبە کرد و گوتی: "ئێمە لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەیەکتر نزیکین و ئەزموونیش ئەوەی سەلماندووە هەر کاتێک پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانیی کوردستان لەیەکتر نزیک بوونەتەوە ئەوا بارودۆخی هەرێمی کوردستان سەقامگیر بووە و دوورکەوتنەوەی ئەو دوو حزبە لەیەکتر کارێکی خراپە و لەبەرژەوەندی کەسدا نییە، بۆیە پێمان باشە رێککەوتنمان لەگەڵ یەکێتی نیشتمانیی کوردستان هەبێت و گفتوگۆشمان کردووە، بەڵام هێشتا هیچ رێککەوتنێک نەکراوە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەمیانەی سەردانەکەی بۆ داڤۆس رایگەیاند کە ئیتر نایەوێت کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی ئەنجام بدرێت و ئاماژەی بەوەکرد پێویستە کۆبوونەوەکان فراونتر بکرێن، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستانیش پێی وایە مەبەستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە دەبێت هەموولایەن و پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان بەشداربن لە مەسەلە چارەنووسسازەکان و لەمبارەیەوە گوتی: "سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشتریش باسی ئەوەی کردووە کە بۆ مەسەلە چارەنووسسازەکان و ئەوەی پەیوەندی بە تەواوی کوردستانەوە هەیە، دەبێت هەموو لایەنەکان بەشداربن و بۆچوونی هەموو لایەنەکان وەربگیرێت، بۆ نموونە، پێکهاتەی تورکمان خاوەنی ٥ کورسیین لە پەرلەمان و پێکهاتەی مەسیحییەکان ٦ کورسییان هەیە لە پەرلەمانی کوردستان، ئیتر بۆچی ئەوانیش بەشدارنەبن لە گفتوگۆکان، بۆیە مەبەستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئەوە بووە کە دەبێت هەموولایەنەکان بەشداربن".
سەبارەت بە بۆچوونی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان لەسەر پرسی سەربەخۆیی و ریفراندۆم، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان و هاوکات ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی، کاکەمین نەجاڕ گوتی: "ئەوەندەی قسەمان لەگەڵ لانەیەنە سیاسییەکان کردووە، هەمووی لەگەڵ سەربەخۆیی کوردستانن و هیچ لایەنێک رەتی ناکاتەوە و رەتکردنەوەی ئەو بابەتە قوڕسە چونکە زیاتر لە ٧٠ ساڵە خەڵک قوربانی بۆ سەربەخۆیی دەدات، بەڵام بۆچوونی جیاواز لەسەر کاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی هەیە".
کاکەمین نەجاڕ ئاشکرای دەکات کە گۆڕانکاری گەورە بەڕێوەیە و پێویستە ناوماڵی کورد رێکبخرێت بۆ ئەوەی بتوانن لەگەڵ وڵاتان و حکوومەتی بەغداش گفتوگۆ بکەن و لەمبارەیەوە گوتی: "ئێمە بەردەوام دەخوازین زوو گفتوگۆکان بگەن بە ئەنجامێکی باش، چونکە گۆڕانکاری گەورە بەڕێوەیە و دەبێت زوو ناوماڵی خۆمان رێکبخەین تاوەکو ئامادەییمان تێدابێت بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ وڵاتان و لەگەڵ حکوومەتی بەغدا چونکە رێکخستەوەی ناو ماڵی کورد قوڕسایی پڕۆسەکە زیاتر دەکات".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ئاماژە بەوەدەکات کە چاوەڕێی گەڕانەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی گۆڕانکاری لەناو حزبدا بکەن و ئەو گۆڕانکارییەش لەچوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی ئەو حزبە پێناسە دەکات.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی داهاتووی پارتی دیموکراتی کوردستان، کاکەمین نەجاڕ گوتی: "رەنگە ئەمجارە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کۆببینەوە چونکە لە هەفتەی رابردوو لەسەر ئەوە رێککەوتین کە ئاگادارمان بکەنەوە و ئێستا چاوەڕوانی ئەوان دەکەین، بەڵام بە گشتی ئێمە لەسەر بنەمای پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەردانیکردنی لایەنەکانمان دەست پێکردووە و لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕانیش هەمان ئەو بابەتانە باسکراوە کە لەگەڵ حزبەکانی دیکە باسمان کردووە، بەتایبەت مەسەلەی پەرلەمان و مەسەلەی سەرۆکایەتیی و مەسەلەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی".
لەبارەی ئەوەی لە ئەگەری پێداگیری بزووتنەوەی گۆڕان لەسەر گۆڕانکاری لە پۆستێک، ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت کە ئەوان ئامادەی گفتوگۆکردنن و هەموو پێشنیازێک شایانی گفتوگۆکردنە و لەمبارەیەوە کاکەمین نەجاڕ گوتی: "ئێمە ئامادەین بۆ گفتوگۆ لەسەر هەر پێشنیازێک بۆ ئەوەی بگەینە رێککەوتنێک چونکە هەندێک لە پۆستەکان بەپێی یاسا دیاریکراوە، بۆ نموونە سەرۆکی حکوومەت بە یاسا دیاریکراوە و لە یاساکەدا دەڵێت "لیستی براوەی یەکەم لە هەڵبژاردنەکان، سەرۆکایەتی حکوومەت پێکدەهێنێت" و ئەوانی دیکە پێویستی بە رێککەوتننامەی سیاسیی هەیە، لەلای ئێمەش کێشە نییە کە پۆستێکی وەزاریمان کەم بێت یاخود زیاد بێت".
کاکەمین نەجاڕ راشیگەیاند کە ئەوان گەشبینن بە هەموو سەردانیکردن و کۆبوونەوەیەک و ئاماژەیشی بەوەکرد کە ئەمجارە زەمینە لەبارترە بۆ ئەوەی گفتوگۆکان بگەنە ئەنجامێکی باش.
بە مەبەستی چارەسەرکردنی قەیرانە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان، رۆژی ٢٠/١١/٢٠١٦ سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، مسعود بارزانی پەیامێکی بڵاوکردەوە کە تیایدا داوای کرد ھەموو لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بکەونە گفتوگۆ و رێککەوتن و لەو چوارچێوەیەشدا شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان سەردانی لایەنە سیاسییەکانی لە ھەرێمی کوردستان دەست پێکردووە و لە رۆژی ٢٨/١١/٢٠١٦ یەکەم کۆبوونەوەی بۆ چارەسەرکردنی کێشە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی دەستپێکرد و لە ئێستاشدا گەڕی دووەمی کۆبوونەوەکان بەردەوامە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ جارێکی دیکە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا کۆببێتەوە.
news_share_descriptionsubscription_contact

