Hemin Hüseyin
18 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 19 تەمووز 2017
هەولێر-AA
ئەگەرچی ماوەی ئەنجامدانی پڕۆسەی ریفراندۆم دوو مانگی ماوە و کارانەکردنەوەی پەرلەمانی کوردستانیش بووەتە بیانوویەک بەدەست هەندێک لایەنی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان و کاراکردنەوەی ئەو دەزگایەش بووەتە هەواڵی رۆژ و لەماوەی رابردووشدا چەندین کۆبوونەوە بۆ ئەم بابەتە ئەنجامدرا، بەڵام هیچ کام لە کۆبوونەوەکان نەیانتوانی دەرگای پەرلەمان بۆ دەستەی سەرۆکایەتییەکەی بکاتەوە.
تا ئێستا بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە هەڵبژاردنی گشتیی و ریفراندۆم لەیەک کاتدا ئەنجام بدرێت. پارتی دیموکراتی کوردستانیش، بزووتنەوەی گۆڕان بە تێکدانی تەوافق تۆمەتبار دەکات و بەم جۆرەش نزیکەی دووساڵ دەبێت پەرلەمانی کوردستان بووەتە گۆڕەپانی لێدوانە دژ بە یەکەکانی پەرلەمانتاران.
لە شەشی تشرینی دووەمی ئەمساڵ خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان تەواو دەبێت و پەرلەمانتارانیش بۆچوون و هەڵوێستی جیاوازیان هەیە سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمان و هەوڵەکان بۆ کردنەوەی گرێ کوێرەکانی دەرگای پەرلەمان.
پەرلەمانتارێک لەسەر پشکی بزووتنەوەی ئیسلامیی، ئاماژە بەوە دەکات کە هەوڵەکان زۆرن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، بەڵام ناکۆکی زۆری نێوان لایەنە سیاسییەکان وایکردووە کە هەوڵەکان شکست بهێنن.
سەرۆکی لیستی بزووتنەوەی ئیسلامیی، شوان قەڵادزەیی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "هەوڵەکان زۆرن بە ئاراستەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، بەڵام تا ئیستا لە ئاستی پێویستدا نین و هەنگاوەکان نابنە کردار، هەموو ئەو هەوڵانەی کە باس لە کاراکردنەوەی پەرلەمان کراوە، هیچ بەرهەمێکیان نییە، ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەردەوامی هەیە و ئیرادەیەکی زۆر بە هێزیش نییە بۆ کارکردنەوەی پەرلەمان".
سەبارەت بە پڕۆژە و پێشنیازەکانی بزووتنەوەی ئیسلامیی، وەکو تاکە لایەنی ئۆپۆزسیۆن بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، شوان قەڵادزەیی گوتی: "ئێمە پڕۆژەیەکمان هەبوو، لیژنەیەکیشمان پێکهێنا بۆ سەردانیکردنی لایەنەکان و بۆ ئەو مەبەستەش پێشنیازمان خستووەتە روو، بەڵام هەر لایەنێک لەسەر فەرزکردنی ئەجێنداکانی خۆی پێداگری دەکات و کەمتر نەرمیی نواندن هەیە بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان".
خولی چوارەمی پەرلەمانی کوردستان لە شەشی مانگی تشرینی دووەم تەواو دەبێت و بەم پێیەش رەنگە ئەو کات گۆڕانکارییەکی دیکەی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان رووبدات شوان قەڵادزەیی ئاماژە بەوە دەکات کە ئەوکات پەرلەمان دەکەوێتە بۆشاییەکی یاساییەوە و، گوتی: "ئەگەر بەو شێوازەی ئێستا بڕوات و پەرلەمان کارانەکرێتەوە، ئەوا پەرلەمان دەکەوێتە بۆشاییەکی یاساییەوە و هەتا درێژکردنەوەی ماوەی یاساییش دادی ئەم کێشەیە نادات".
کۆمەڵی ئیسلامیی کە خاوەنی شەش کورسییە لە پەرلەمانی کوردستان تاوەکو ئێستا بە فەرمیی رایگەیاندووە کە کاراکردنەوەی پەرلەمان مەرجی پێشوەختەی بەشداریکردنییانە لە پڕۆسەی ریفراندۆم و تا ئێستاش بەشداری هیچ کۆبوونەوەیەکیان سەبارەت بەم پرسە نەکردووە.
پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی ئاماژە بەوە دەکات کە کارانەکردنەوەی پەرلەمان کاری کردووەتە سەر سەرجەم سێکتەرەکان، ئەو پەرلەمانتارە دەرەنجامی هیچ کۆبوونەوەیەکیش بە ئیجابی نازانێت.
پەرلەمانتاری سەربە فراکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی، نەجیبە لەتیف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بە داخەوە کە تاوەکو ئیستا پەرلەمان وەک خۆی ماوتەوە و ئەمە بابەتێکە کە کاری کردووەتە سەر سەرجەم بوارەکانی دیکە لە هەرێمی کوردستان و ئەو هەنگاوانەی کە تاوەکو ئێستا گیراوەتەبەر، بریتییە لە کۆبوونەوە چەندقۆڵییەکان کە لەمەشدا هیچ دەرەنجامێکی ئیجابی نابینین، هەرچەندە سەرجەم لایەنەکان پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە دەبێت پەرلەمان کارا بکرێتەوە بەڵام هیچ هەنگاوێکی جددی نابینین".
نەجیبە لەتیف پارتی دیموکراتی کوردستان بە کاراکتەری سەرەکی دەزانێت بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان و لەمبارەوە گوتی: "ئێمە تەنها ئەوەندە ئاگادارین کە دەڵین پەرلەمان کارادەکرێتەوە، بەڵام ئایا ئەو هەنگاوانە بە کوێ گەیشتوون. ئەوا نازانین، چونکە زیاتر لە لایەن یەکێک لە حزبەکان دەبێت ئیرادە و هەنگاوی جددی هەبێت بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان کە ئەویش پارتی دیموکراتی کوردستانە".
پەرلەمانتارێکی سەر پارتی دیموکراتی کوردستان بێت کە لە کۆی ١١١ کورسی پەرلەمان خاوەنی ٣٨ کورسییە، ئاماژە بەوە دەکات کە چەند لایەنێک خەریکی جێبەجێکردنی ئەجێندای وڵاتانی دراوسێن بۆیەش نایانەوێت پڕۆژەی ریفراندۆم ئەنجامبدرێت.
ئاواز حەمید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەوەی کە دیارە لایەنە سیاسییەکان بە قسە هەموو داوای ئەوە دەکەن کە پەرلەمان کارابکرێتەوە، بەڵام لە بنەڕەتدا هەندێک کە ناحەزانی کورد وایانکردووە، پاشەکشە بکەن لە کاراکردنەوەی پەرلەمان".
سەبارەت بە هەوڵەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانیش بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان، ئاواز حەمید ئەفەندی گوتی: "ئەوەی کە دیارە دەرگاکان کرایەوە و بانگهێشتی هەموو لایەنەکانمان کردووە بۆ گفتوگۆکردن بە بێ جیاوازی، بەڵام لەو کاتەوە دەبینین کە لە هەڵوێستی هەندێک لایەن ئەوە دیارە کە سیاسەتی وڵاتانی دەرەوە کاریگەری کردووەتە سەریان".
ئاواز حەمید گوتیشی: "بەم جۆرەی ئێستا شکستێکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان و گورزێکی گەورەیە بۆ پەرلەمانتاران کە نەیانتوانی رۆڵی خۆیان لە پەرلەماندا بگێڕن".