Zana Natık Kerem
27 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2016
هەولێر
لە بارەگای بەرەی توركمانی لە شاری هەولێر و بە بەشداری ژمارەیەك لە نوێنەری لایەنە سیاسییەكان، پانێلێك لەبارەی ئایندەی شاری مووسڵ لە دوای رزگاركردنی بەڕێوەچوو كە تیایدا بە جیا راو بۆچوون لەسەر ئەو پرسە خرایە ڕوو.
بەشێک لە بەشداربووانی پانێلەکە وای بۆ دەچن كە پێویستە بەپێی دەستووری عێراقی مامەڵە لەگەڵ پرسی ئایندەی شاری مووسڵ دوای رزگاركردنی لە ژێر دەسەڵاتی داعش بكرێت
ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییە عێراقی و نیشتیمانییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەحمەد كانی لە گوتەیەكدا ئاماژەی بە گرنگی شاری مووسڵ دا و گوتی: "مووسڵ عێراقێكی بچووك كراوەیە و گرنگی مووسڵ لە رووە مێژووەكەی و جوگرافییەكەی دایە و رەنگە لە مێژووی دوور و درێژدا پێكهاتەی شاری مووسڵ وەك ئەوەی ئەمڕۆ نەبێت بەڵام ئەوەی ئێستا پێویستە مامەڵەكردن و هەنگاو نانە لەگەڵ ئەو واقعەی كە ئێستا هەیە".
ئەحمەد كانی باسی لە رێگە چارەسەرەكانی شاری مووسڵی كرد و گوتی: "ئەگەر خواستی چارەسەری مووسڵمان هەبێت دەبێت بنەما سادە و ساكارەكان بگرینە بەر ئەگەر نا بە پێچەوانەوە چارەسەركە زۆری دەوێت".
ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی دەشڵێت: "ئەوەی لە شاری مووسڵ گوزەرا، ئەجیندایەكی سیاسی بوو كە بەسەر دانیشتوانی شارەكەدا سەپێندرا".
ئەحمەد كانی ئاماژە بەوەیش دەكات كە پێكهاتەی مووسڵ و پێكهاتەی عێراق و پێكهێنانی دەوڵەتی عێراق ئەجیندایەكی سەپێندراوبوو بەسەر گەلانی عێراقدا نەك وەرگرتنی ئیرادەی گەلانی عێراق بوو بۆ پێكەوە ژیان كە ساڵەهای ساڵە گەڵانی عێراق و دەورووبەریش بەو ئاگرەوە تا ئێستا دەسووتێن و چارەسەرێك نادۆزنەوە و پێویستە گەلانی عێراق ئازاد بكرێن لە هەلبژاردنی ژیانی خۆیان و هەروەها هەموو ئەجیندا سەپێنراوە پێشوەختەكانیش رەتكرایەوە".
ئەحمەد كانی لە كۆتایی قسەكانیدا گوتی: "لای هەمووان ئاشكرایە زۆر ئاسایی بوو كە خەڵكی مووسڵ لە سەرەتاوە هاوكاری هێزێكی تیرۆریستی وەك داعش بكەن لەبەر ئەوەی لە چەند ساڵی رابردوودا زوڵم لە شكۆی پێكهاتەکانی شاری مووسڵ دەكرا و بۆ رێگە گرتن بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ئەو كارەساتە روونەداتەوە، دەبێت پێكهاتەكانی مووسڵ ئازاد بكرێن".
شاری مووسڵ كە بەلای هەموو لایەنە سیاسییەكان شارێكی گرنگە و بە زیاتر لە 150 كیلۆمەتر درێژی سنووری لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەیە و لەمبارەیەوە ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی و لێپرسراوی مەڵبەندی دهۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، هەرێم كەمال ئاغا لە پانێلەكە ئاماژەی بەوە كرد كە پێویستە لە ئێستاوە كار بۆ پرسی ئایندەی شاری مووسڵ لە دوای ئازداكردنی بكرێت چونكە تا ئێستا هیچ هەوڵێك بۆ ئەو مەبەستە نەدراوە.
هەرێم كەمال ئاغا گوتیشی: "ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا و ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەتوانن داوای سیستەمی فیدراڵی مووسڵ بكەن و ئەو بیرۆكەیەش بخەنە ڕوو".
بەرپرسەكەی یەكێتی وای بۆ دەچێت رێگەی گونجاو بۆ چارەسەركردنی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان جێبەجێ كردنی بڕگەكانی ماددەی 140ی دەستووری عێراقە و دەڵێت: "گونجاوترین رێگە بۆ گەڕانەوەی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، جێبەجێكردنی ماددەی 140 ی دەستوورە".
بەلای بزووتنەوەی گۆڕانیش چارەسەركردنی قەیرانەكانی عێراق وابەستەیە بە چارەسەركردنی كێشەكان لەناو مووسڵ و لەمبارەیەوە پەرلەمانتاری پێشووی بزووتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان، كاردۆ محەمەد گوتی: "ئەگەر بتوانرێت لە مووسڵ كێشەكان چارەسەر بكرێن و رێز لە ئیرادەی پێكهاتەكان بگیرێت ئەوە ئایندەی عێراق روون دەبێت و قەیرانەكانیش چارەسەر دەبن".
كاردۆ محەمەد دەڵێت: "ئەوەی زەمینەی خۆشكرد لە توندوتیژی و شەڕی دژی مرۆڤایەتی لە عێراق رێزنەگرتن بوو لە ئیرادەی گەل، بۆیە پێویستە هەموو ئەو زەمینانە بۆ قۆناغی دوای داعش لە مووسڵ لەناو ببرێت".
لای خۆیەوە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان، خەلیل ئیبراهیم لە پانێلەكە گوتی: "پێویستە پڕۆژەیەكی كوردی لەناو پڕۆژەكاندا بۆ قۆناغی داوی داعش لە مووسڵ گەڵاڵە بكرێت بۆ ئەوەی بزانرێت كورد چی دەوێت".
هاوكات سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان، ئاید مەعرووف لە پانێلەكەدا گوتی: "بە باشی و بە خراپی شاری مووسڵ كاریگەری راستەخۆی لەسەر هەرێمی كوردستان و ناوچەكە و عێراق هەیە و ئەوەی مووسڵی بە ئەمڕۆ گەیاند ململانێی مەزهەبی و هەژموونی شیعەبوو بەسەر شارەكە".
ئاید مەعرووف ئاماژەی بەوەیش كرد كە ئەوەی داعشی لە مووسڵ دروست كرد ئەو سیاسیەتە بوو كە لە دوای ساڵی 2003وە لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە بەرامبەر پێكهاتەكانی شارەكە پەیڕەو كرا و ئەگەر هەمان ئەو سیاسەتەش لە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ پەیڕەو بكرێتەوە ئەوە داعشی دووەم دروست دەبێتەوە.
ئایدن مەعرووف هەروەها گوتی: "هەمیشە مووسڵ بۆ پێكهاتەی توركمان لە ناوچەكە جێگەی نیگەرانی بووە".
سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمان لە پەرلەمانی كوردستان باسی لەوەیش كرد كە ئەوان پشتیوانی لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ و شاری تەلەعفەر دەكەن و بەڵام كێشە گەورە بۆ مووسڵ لە رووی سیاسی و ئیدارییە كە دەبوو پێش ئۆپەراسیۆنەكە، پێكهاتەكان و لایەنە سیاسییەكانی مووسڵ رێككەوتنێكی سیاسییان بكردبایە بۆ بەڕێوەبردنی شاری مووسڵ بۆ قۆناغی دوای داعش.
ئایدن مەعرووف گوتیشی: "لە دەرەوەی هێزە فەرمییەكان، هێزی چەكداری دیكە هێنراوە بۆ نزیك شاری مووسڵ كە رەنگە ئەمە كاریگەری خراپ لەسەر پێكهاتەكانی شارەكە و ناوچەكانی دەورووبەری مووسڵ دروست بكات".
مەعرووف دووپاتی كردەوە كە پێویستە پێكهاتەكانی شاری مووسڵ بۆ بەڕێوەبردنی شارەكەیان دوای كۆنترۆڵكردنەوەی بە پشتیوانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان بەشێوەیەكی كارا بەشدار بن".
لە بەشێكی گوتەكەیدا ئاید مەعرووف داوای كرد رێككەوتنێكی سیاسی پێشوەخت بۆ بەڕێوەبردنی ئیداری مووسڵ لە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی هەبێت.
بەلای سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی كوردستان تا ئێستا لە رووی سیاسی و ئیدارییەوە هیچ گرنگی بە پێكهاتەی توركمان لە مووسڵ نەدراوە لە كاتێكدا لە رووی سەربازییەوە لە كۆنترۆڵكردنەوە و بەڕێوەبردنی شەڕەی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارەكە بەشدارن.
ئایدن مەعرووف نایشارێتەوە كە مەترسییان لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری تەلەعفەر هەیە وەك خۆی گوتی: "لە دەرەوەی پێكهاتەی توركمان هێزی چەكداری بە ناوی مەزهبییەوە هێنراون بۆ نزیك تەلەعفەر كە دوور نییە ئەمە كاردانەوەی خراپی بۆ سەر شارەكە و دانیشتوانەكەی لێبكەوێتەوە و هەروەها هەندێك لایەنی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی لە هەوڵی ئەوەدان پێكهاتەی توركمان دابەش بكەن و بەلای بەرەی توركمانی لە هەرێمی كوردستان و عێراق، توركمان هیچ جیاوازیان نییە و خاوەنی یەك ناسنامەن".
سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی ئەوەشی خستە ڕوو كە هەر لەبەر ترسی داعش و هێزە چەكدارە مەزهەبییەكان 50 هەزار هاووڵاتی سڤیلی توركمان ئاوارەی سنوورەكانی سووریا و باكووری تەلەعفەر بوونە.
لە كۆتایی قسەكانیدا ئایدن مەعرووف داوای لە حكوومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەكان كرد بە جددی كار لەسەر پرسی ئایندەی شاری مووسڵ لە دوای كۆنترۆڵكردنەوەی بكەن.