Abdullah Shukur
27 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 28 تشرینی دووەم 2016
لەندەن
جێگری سەرۆکوەزیرانی تورکیا نومان کورتوڵموش لەبارەی دواپێشھاتەکانی پەیوەندی نێوان یەکێتی ئەورووپا و تورکیا گوتی: "لەدەستدانی تورکیا بۆ یەکێتی ئەورووپا بژاردەیەکە کە ناتوانێت قەرەبووی بەھاکەی بکاتەوە".
نومان کورتوڵموش لە دوای تەواوکردنی سەردانەکانی لە بریتانیا، لە تەلاری باڵیۆزخانەی تورکیا لە شاری لەندەن کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست.
کورتوڵموش گوتی: "لەدەستدانی تورکیا بۆ یەکێتی ئەورووپا بژاردەیەکە کە ناتوانێت قەرەبووی بەھاکەی بکاتەوە، پێویستە سیاسەتمەدارانی زیرەک بیر لە بەرژەوەندی وڵاتەکانیان و دامەزراوەکانی یەکێتی ئەورووپا بکەنەوە. ئەورووپایەک کە تورکیای لەدەستداوە زیاتر بەرەو داخراوی دەڕوات".
کورتوڵموش گوتیشی: "سیاسەتمەدارانی ئەورووپا کاتێک چەند ھەزار ھاووڵاتییەکی سووری پەناخواز دەبینن، ئەوا نیگەران دەبن. ئایا ئەگەر رووبەڕووی سەدان ھەزار پەناخواز ببنەوە چی دەکەن؟ ئەی چۆن ئەو لێشاوە فاشیت و نەتەوەپەرستییەی نێو یەکێتی ئەورووپا لە دژی پەنابەران رادەگیرێت؟ پێویستە بیر لەمە بکەنەوە. ھیوادارین سیاسەتمەدارانی زیرەک بیر لەمە بکەنەوە بە پێچەوانەوە، یەکێتی ئەورووپا باجێکی گەورە دەدات".