Hemn Baban
02 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 03 کانوونی یەکەم 2018
پاریس - AA
بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن و سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەی و وەزیری ناوخۆی حکوومەتەکەی کۆبوونەوەیەکی لەناکاو لەبارەی خۆپیشاندانەکانەوە ئەنجامبدەن.
پۆلیسی فەڕەنسا لەبارەی خۆپیشاندانی بزووتنەوەی ئێلەگ زەردەکان-ەوە لێدوانی نوێی داوە و لەوبارەیەوە رایگەیاندووە "٤١٢ کەس لەوانەی بە ھۆی خۆپیشاندانەکان و کەوتنەوەی توندوتیژییەکانی شەقامەکانی پایتەختەوە لێکۆڵینەوەیان لەگەڵ دەکرێت، ٣٧٨ کەسیان خراونەتە بەندینخانەوە".
ماڵپەڕی "رادیۆ ئینفۆ"ی فەڕەنسی بڵاویکردەوە، ١٥ کەس لە ناوچەی"شارڵفیل مزییەر" لە باکووری فەڕەنسا و ٢١ کەس لە شاری مارسیلیا کە دووەم گەورەترین شارەکانی فەڕەنسایە لە دوای پایتەخت دەستگیرکراون، سەرباری دەستگیرکردنی ١٠ کەس لە ئفینیون.
سەرۆکی فەڕەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەیەکی لەناکاو لەگەڵ سەرۆکوەزیرانەکەی، ئیدوارد فیلیپ و وەزیری ناوخۆ، کریستۆف کاستانییە بە مەبەستی دۆزینەوەی رێگەکانی وەڵامدانەوەی ناڕەزایەتییەکان و ئەو توندوتیژییانەی لە ئەنجامی ئەوە کەوتنەوە بەتایبەت لە پاریسی پایتەخت.
دوێنی ماکرۆن لەسەروبەندی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە بۆینس ئایرێسی پایتەختی ئەرجەنتین و لە کۆتایی لووتکەی G-20دا رایگەیاند، ئەوانەی بەرپرسن لە ئاژاوەگێڕییەکان لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت و گوتی: "خۆپیشاندەران ئاژاوەیان دەوێت و توندوتیژی قبووڵ ناکەین".
ماکرۆن هەروەها بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانی پاریسی پایتەختی بە"کۆمەڵێک گێرەشێوین کە ھیچ پەیوەندییەکان بە گوزارشتی ئاشتییانەوە نییە" ناوبرد.