Yusuf Özcan
18 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 19 ئەیلوول 2019
پاریس - AA
سه‌ركۆماری فه‌ڕه‌نسا، ئیمانوێل ماكرۆن له میانی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنییدا له‌گه‌ڵ جێنشینی سعوودیه، شازادە محه‌مه‌د بن سه‌لمان به‌ڵێنی دا تیمێكی پسپۆڕ بۆ هاوكاریكردنی سعوودیه بنێرێت له ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی په‌لاماره‌كه‌ی سه‌ر وێستگه نه‌وتییه‌كانی سعوودیە ئارامکۆ.
به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی كۆشكی ئه‌لیزێ، ماكرۆن په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیی له‌گه‌ڵ بن سه‌لمان ئه‌نجامداوه.
ماكرۆن له په‌یوه‌ندییه‌كه‌دا ئیدانه‌ی په‌لاماره‌كانی سه‌ر وێستگه‌كانی ئارامكۆی كردووه و جه‌ختی له‌سه‌ر هاوخه‌میی وڵاته‌كه‌ی بۆ سعوودیه كردووه‌ته‌وه.
ناوبراو جه‌ختیكردووه‌ته‌وه كه وڵاته‌كه‌ی گرنگی به ئاسایشی ناوچه‌كه و سعوودیه ده‌دات و تیمێكی پسپۆڕ بۆ هاوكاریكردنی سعوودیه ده‌نێرن له ئه‌نجامدانی لێكۆڵینه‌وه له‌باره‌ی په‌لاماره‌كه‌ی سه‌ر وێستگه نه‌وتیه‌كانی ئارامكۆ.
- پەلاماركان بۆسەر سعوودیه
رۆژی شه‌ممه له رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه هێرش كرایه سه‌ر دوو وێستگه‌ی نه‌وتی كۆمپانیای ئارامكۆ و له ئه‌نجامدا ئاگر له وێستگه‌كان كه‌وته‌وه.
له‌كاتێكدا هێرشه‌كان زیانی گیانییان به‌دواوه نه‌بوو، و هیچ لایه‌نێكیش به ئه‌نجامدانیان تۆمه‌تبار نه‌كرابوو، حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن راگهیهنراوێكیان بڵاوكرده‌وه و ئاشكرایانكرد له رێگه‌ی ١٠ درۆنه‌وه هێرشیان له سعوودیه ئه‌نجامداوه.
حووسییه‌كانی یه‌مه‌ن كه ئێران پشتگیری‌یان ده‌كات، له ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندین هێرشی مووشه‌كییان بۆسه‌ر سعوودیه ئه‌نجامداوه كه له لایه‌ن سیستمی به‌رگریی ئاسمانیی سعوودیه‌وه پووچه‌ڵكراونه‌ته‌وه، هاوكات جار جاره‌ش له رێگه‌ی فڕۆكه‌ی بێفڕۆكه‌وانه‌وه هێرشیان ئه‌نجامداوه.
ماوه‌یه‌كی درێژه له یه‌مه‌ن شه‌ڕ له نێوان حووسییه‌كان و هێزه‌كانی سوپای حكوومه‌تی ئه‌و وڵاته‌دا كه سعوودیه و ئیمارات پشتگیری‌یان ده‌كەن، به‌رده‌وامه.