Tuğçenur Akgün
02 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2023
نیویۆرک-AA
نووسینگەی لێکۆڵینەوەی فیدراڵی ئەمریکا بڵاویكردهوه، لە ئەنجامی ئەو گەڕان و پشکنینەی لە شوێنی مانەوەی سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن لە ویلایەتی دیلاوێر ئەنجامیانداوە "دۆكیومێنتی نهێنی"یان نەدۆزیوەتەوە.
پارێزەری تایبەتی بایدن، بۆب باوەر لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، گەڕان و پشکنینەکەی ئەمڕۆی وەزارەتی داد لە شوێنی مانەوەی هاوینەی بایدن لە ریهۆبۆس بیچ لە ویلایەتی دیلاوێر تەواو بووە.
بۆب باوەر باسی لەوەش کرد گەڕانەکە تا کاتژمێر ٠٨:٣٠ بە کاتی ناوخۆ بەردەوام بووە و لە ئەنجامدا دۆكیومێنتی "نهێنی" لە ماڵەکەدا نەدۆزراوەتەوە.
لەلایەکی دیکەوە پارێزەرەکەی بایدن ئەوەی ئاشکرا کرد، وەزارەتی داد لە ئەنجامی گەڕانەکەدا هەندێک تێبینی دەستنووس کە بۆ ئەو سەردەمە دەگەڕێتەوە كه بایدن جێگری سەرۆک بووە، بۆ لێکۆڵینەوەی ورد بردووە.
- "دۆكیومێنته نهێنییەکان"ی نوسینگەکەی بایدن
رۆژی دووشەممە، راوێژکاری بایدن، ریچارد سۆبەر، ئەوەی ئاشکرا کرد کە لە نووسینگەکەی پێشووی جۆ بایدن-دا "ژمارەیەکی کەم دۆكیۆمێنتی نهێنی" هەن کە دەگەڕێنەوە بۆ ساڵانی ٢٠٠٩-٢٠١٧ کاتێک بایدن، جێگری سەرۆکی ئەمریکا بووە.
ریچارد سۆبەر باسی لەوەش کرد، بەڵگەنامەکان لە دووی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢دا و لە دۆڵابێکی کلیلدراودا دۆزراونەتەوە و راستەوخۆ دوای دۆزینەوەی بەڵگەنامەکانیش، پەیوەندی بە پارێزەرە تایبەتەکانی جۆ بایدن، کۆشکی سپی و دەزگا پەیوەندیدارەکانی ئەرشیڤی نیشتمانیی دەوڵەتهوه کردووە و بەرپرسانی کۆشکی سپی دەستیان بە لێکۆڵینەوە لەو بەڵگانە کردووە.
لە بەرامبەریشدا جۆ بایدن، سەرسوڕمانی خۆی لە دۆزینەوەی دۆكیومێنته نهێنییانه لە نوسینگەکەی دهربڕی و ئەوەی خستەڕوو کە لە بارەی ناوەرۆکی ئەو بەڵگانەوە هیچ زانیارییەکی نییە.
سەرۆکی ئەمریکا، جۆ بایدن دوای دۆزینەوەی دۆكیومێنتی نهێنی لە ئەنجامی گەڕان و پشکنین لهلایهن کارمەندانی ئێف بی ئایهوه رۆژی ٨ی ئابی ٢٠٢٢ لە خانوویهكی سەرۆکی پێشووی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە پاڵم پیچ، گوتبووی: "چۆن کەسێک ئەوەندە کەمتەرخەم دەبێت".
کۆمارییەکان دوای دۆزینەوەی دۆكیومێنتی نهێنی لە خانووەکانی بایدن کە لە سەر ئەو بابەتە رەخنەی لە ترەمپ گرتبوو، رەخنەکانیان لە بایدن زیاتر کرد.