Mohammed Baqi Hussein
03 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 05 کانوونی دووەم 2016
لە كاتێكدا كە سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما خۆی بۆ ئەنجامدانی چاكسازی لە فرۆشی چەك لە وڵاتەكەی بەمەبەستی كەمكردنەوەی حاڵەتەكانی كوشتن كە لە پەلامارەكانی چەكدارییەوە سەرچاوە دەگرێت ئامادەدەكات، لە یەكەم رۆژی ساڵی نوێدا لەو وڵاتە 95 پەلاماری چەكداری ئەنجامدەدرێت و گیانلەدەستدانی 30 كەس و بریندار بوونی 75ی دیكەی لێکەوتەوە.
لە ئەمریكا لە 10 ساڵی دواییدا 300 هەزار كەس لە پەلامارەكانی چەكدارییدا گیانیان لەدەستداوە و لە یەكەم رۆژی ئەمساڵیشدا 95 پەلامار ئەنجامدراوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە لە دەزگاكانی حكوومییەوە وەرگیراوە، ئەرشیڤی توندوتیژی چەكداری ئەوە دەخاتەڕوو لەو 95 پەلامارەدا 30 كەس گیانیان لەدەستداوە و 75ی دیكەش بریندار بوون. ئەوەی جێگەی سەرنجە 6 لەوانەی گیانیان لەدەستداوە تەمەنیان لەخوار 17 ساڵییەوەیە.
بەپێی داتاكان ژماری كوژراو و بریندارانی رۆژی سەری ساڵ لە ئەمریكا، دەكاتە ژمارەی كوژراو و بریندارانی كۆی تاوانەكانی ساڵێكی ئوستڕاڵیا یان شانشینی یەكگرتوو (بەریتانیا).
هەروەها ئەو ژمارەیە یەكسانە بە ژمارەی ئەوانەی لە ساڵێكدا بەهۆی تاوانەكانەوە لە وڵاتانی نەمسا، نیوزلاندا، نەرویج، سلۆڤینیا، ئیستۆنیا، برمۆدا، هۆنگ كۆنگ و ئایسلەندا ئەنجامدەدرێن.
لە ساڵی 2015دا لە ئەمریكا زیاتر لە 52 هەزار رووداو روویانداوە كە چەكیان تێدا بەكارهاتووە. لەو رووداوانەدا 13 هەزار و 312 كەس گیانیان لەدەستداوە و نزیكەی 27 هەزار كەسیش بریندار بوون. لەنێو ئەمانەدا 330یان بە پەلاماری چەكداری بەكۆمەڵ هەژمار دەكرێن كە لە هەریەكێكیاندا لانیكەم چوار كەس كوژراوە.
- چاوەڕوان دەكرێت ئۆباما چاكسازی نوێ لەبواری فرۆشی چەكدا ئەنجامبدات
سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما دەیەوێت توندوتیژی چەك لە وڵاتەكەیدا كۆتایی پێ بهێنرێت. ئۆباما هەمیشە ئاماژە بەوە دەدات كە جێگای قبووڵكردن نییە پەلاماری چەكداری وەك شتێكی ئاسایی لێبێت و بانگەوازی دژایەتیكردنی چەكداریی تاك دەكات. لەبەرئەوە چاوەڕواندەكرێت ئۆباما چاكسازی نوێ لەبارەی فرۆشی چەكەوە ئەنجامبدات.
بەپێی ئەو هەواڵانەی لە میدیاكانی ئەمریكا بڵاودەكرێنەوە، باس لەوە دەكرێت هەفتەی داهاتوو ئۆباما بڕیارێكی ئیداری لەبارەی تۆماركردنی پێشینەی كڕیار لە كاتی فرۆشی چەكدا دەر بكات. لە كاتێكدا باس لە وردەكاری بڕیارەكە نەكراوە، بەڵام ئاماژە بەوە دراوە بەر لە وتاری ساڵانەی "دۆخی یەكێتی" كە بڕیارە 12ی ئەم مانگە پێشكەشی بكات، بابەتەكەی یەكلایی دەبێتەوە.
هەروەها باس لەوە دەكرێت ئۆباما رۆژی دووشەممە لە كۆشكی سپی لەگەڵ وەزیری داد لۆرێتتا لینچ چاوپێكەوتن ئەنجامدەدات.