واشنتۆن
داهاتی ساڵی 2014ی هەریەك لە باراك ئۆباما سەرۆكی ئەمریكا و میشێل ئۆبامای هاوسەری ئاشكرا كرا كە 447 هەزار و 383 دۆلار بووە.
كۆشكی سپی، داهاتی باراك ئۆباما و میشێل ئۆبامای خێزانی لە ساڵی 2014دا ئاشكرا كرد. بەپێی ئەوەش ئەو خێزانە لە ساڵی 2014دا 477 هەزار 388 دۆلاریان قازانج كردووە. هاوكات خانەوادەی ئۆباما بڕی 93 هەزار و 362 دۆلار باجی داهاتیان داوە.
ئۆباما، زۆرترین داهات لە مووچەی سەرۆكایەتی دەستی دەكەوێت كە ساڵانە 400 هەزار دۆلارە. گەورەترین سەرچاوەی داهاتی ئەو خێزانەش لە دەرەوەی مووچەی ئۆباما، فرۆشی ئەو دوو كتێبەیە كە سەرۆكی ئەمریكا ئۆباما لە ساڵانی 1995 و 2006 نوسیوویەتی، بەڵام بەپێی ئەو ژمارانەی خراونەتەڕوو ئەو داهاتەی کە ئۆباما بەهۆی كتێبەكانی دەستی دەكەوێت، ساڵانە روو لە كەمی دەكات.
خێزانی ئۆباما ساڵی رابردوو تێكڕا بەبڕی 70 هەزار و 712 دۆلار كۆمەكیان پێشكەش بە 33 رێكخراو كردووە.
لە كاتێكدا خێزانی ئۆباما لە ساڵی 2012دا 662 هەزار دۆلاریان دەست كەوتووە، لە 2013دا 503 هەزار دۆلار داهاتیان هەبووە.
سەرۆكی ئەمریكا ئۆباما، بەرزترین داهاتی لە سەردەمی هاتنە سەر دەسەڵات بوو لە 2009دا كە ئەو ساڵە بەهۆی فرۆشی كتێبەكانی و خەڵاتی نۆبڵەوە بڕی 5 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار داهاتیان هەبووە.