Hakan Çopur,Ramal Abdullah Mahmood
12 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 13 تشرینی دووەم 2017
واشنتۆن – AA
باڵیۆزخانەی تورکیا لە واشنتۆن لە بارەی ئەو دەنگۆیانەی باس لەوە دەکەن کە ویستویانە بە رێگای نایاسایی سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی، فەتحوڵڵا گولەن بەرنە دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند "بە مەبەستی رادەستکردنەوەی فەتۆ، تورکیا جگە لە رێکاری یاسایی پانا نابەتە بەر رێگای دیکە، هەموو ئەو دەنگۆیانە درۆ و بێبنەما و گاڵتەجاڕین".
باڵیۆزخانەی تورکیا لە واشنتۆن ئاماژەی بەوە داوە داڕیژەری راستەقینەی پیلانەکەی هەوڵ کودەتا شکستخواردووەکەی ١٥ی تەمووز گولەن بووە و چاوەڕێ دەکەن ئەمریکا بە شێوەیەکی یاسایی رادەستی تورکیای بکاتەوە. لە بەشێکی راگەیەنراوەکەدا هاتووە: "لە دوای ئەو هەموو تاوانە هێشتا مانەوەی فەتحوڵڵا گولەن لە ئەمریکا بۆتە هۆی هەراسانکردن و نیگەرانی قوڵی گەلی تورک. بە پێی مەرجەکانی لێکتێگەیشتنی رادەستکردنەوە لە نێوان تورکیا و ئەمریکا لە نزیکەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی ئەمریکا کاردەکەین".
باڵیۆزخانەی تورکیا لە واشنتۆن تیشکی خستۆتە سەر ئەوەی کە حکوومەتی تورکیا و گەلی تورک داواکارن بە مەبەستی دادگاییکردنی گولەن چی زووە رادەستی تورکیا بکرێتەوە: "وەک ئەوەی لە ئاداری ٢٠١٧ گوتمان، جگە لە رێکاری یاسایی بۆ رادەستکردنەوەی فەتحوڵڵا گولەن تورکیا پانا نابەتە بەر رێگای دیکە، هەموو ئەو دەنگۆیانە درۆ و بێبنەما و گاڵتەجاڕین".
رۆبەرت کێڵنەر، پارێزەری راوێژکاری پێشووی ئاسایشی نیشتمانیی ئەمریکا، مایکڵ فلین ئەو هەواڵانەی لە میدیای ئەمریکیدا دەرهەق بە بریکاردارەکەی بڵاوکراونەتەوە بە بانگەشەی "درۆ و زۆر قێزەون" ناوبردبوو کە چەندین دەنگۆی وەک "مرۆڤ رفاندن و بەرتیل" تیادایە.
رۆژی هەینی رابردوو لە هەواڵێکی پەیوەست بەو بابەتەدا، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ، بڵاویکردبوویەوە کە لە کانوونی یەکەمی رابردوودا کۆبوونەوەیەک لە نێوان فلین و کوڕەکەی لە لایەک و ژمارەیەک لە کاربەدەستانی تورکیا لە لایەکی دیکە سەبارەت بە رفاندنی سەردەستەی رێکخراوی تیرۆریستیی فەتحوڵڵاچی (فەتۆ)، فەتحوڵڵا گولەن بۆ دەرەوەی ئەمریکا لە بەرامبەر ١٥ ملیۆن دۆلاردا ئەنجامدراوە و لە لایەن دادوەری خاوەن دەسەڵاتی تایبەت، رۆبەرت مولەرەوە کە لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی رووسیا دەکات، لێپێچینەوە لەو کۆبوویەوەیەش کراوە.