Mohammed Baqi Hussein
07 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 09 کانوونی یەکەم 2015
واشنتۆن
سەرۆكی ئەمریكا باراك ئۆباما رایگەیاند "ئێمە ناتوانین ئەم بەرەنگاربوونەوەیە وەك بەرەنگاربوونەوەی ئیسلام و ئەمریكا پێناسە بكەین و پشت لەیەكتر بكەین. ئەمەش شتێكە كە گرووپەكانی وەك داعش دەیانەوێت. داعش بەناوی ئیسلامەوە نادوێت".
ئۆباما دوای پەلامارەكەی هەفتەی رابردووی شاری سان بێرناردینۆ لە ئۆفیسی ئۆڤاڵەوە دەربارەی تیرۆر، وتەیەكی پێشكەشی خەڵكی وڵاتەكەی كرد.
وتەكانی ئۆباما لە سەرجەم كەناڵەكانی تەلەفزیۆنەوە بەشێوەیەكی راستەوخۆ گوازرایەوە و تێیدا رایگەیاند " FBI بە مەبەستی تێگەیشتن لە رووداوەكەی شاری سان بێرناردینۆ بەردەوامە لە لێكۆڵینەوە، گوتیشی دەزانن كە یەكێك لە كارمەندانی ناوەندەكە و هاوسەرەكەی هەستاون بە ئەنجامدانی تاوانەكە".
ئۆباما رایگەیاند "بەڵگەیەكیان لەبەردەستدا نییە كە بیسەلمێنێت رێكخراوێكی تیرۆریستی هەردوو پەلاماردەرەكەی ئاراستە كردبێت، یان پارچەیەكبن لە پێكهاتەیەكی فراوانی نێو ئەمریكا".
- "لە 11ی سێپتەمبەرەوە لەگەڵ تیرۆردا لەجەنگداین"
ئۆباما لە وتەكانیدا ئەوەی وەبیر هێنایەوە كە لە پەلامارەكەی 11ی سێپتەمبەری 2001ەوە وڵاتەكەی لەگەڵ تیرۆردا لەجەنگدایە و لەو كاتەوە لە بەهێزكردنی سیستمی بەرگری فڕۆكەخانە و پڕۆژەكانی خزمەتگوزاری هەستیار دان و، رایگەیاند "هەواڵگری وڵاتەكەی ژمارەیەكی بێ ئەندازەی هەوڵی كوشتن و تیرۆركردنی پووچەڵكردۆتەوە".
ناوبراو لە وتەكانیدا باسی لەوە كرد كە سوپا و یەكەكانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ئەمریكا بەدوای گرووپەكانی تیرۆریستییەوەن و رێگە نادەن پەناگەیەكی ئارامیان دەست بكەوێت و سەركردەی قاعیدە ئوسامە بن لادن-یان كوشتووە. راشیگەیاند كە هەڕەشەی تیرۆر بەم ساڵانەی دوایی شێوازێكی نوێی وەرگرتووە.
- "بەسەر هەڕەشەی تیرۆردا سەردەكەوین"
سەرۆكی ئەمریكا راشیگەیاند "رێكخراوەكانی تیرۆریستی وەك داعش سوودیان لە قەیران و ئاڵۆزییەكانی سووریا و عێراق وەرگرتووە و بەهێز بوون".
ئاماژەی بەوەیشدا كە بەدرێژایی حەوت ساڵی سەرۆكایەتی خۆی دژایەتی تیرۆری كردووە.
ئۆباما رایگەیاند كە بەسەر هەڕەشەی تیرۆردا سەردەكەون و گوتی: "داعش و ئەو گرووپانە لەناودەبەین كە دەیانەوێت زیان بە ئێمە بگەیەنن".
لەوبارەوە ئۆباما باسی لە هەنگاوەكانی وڵاتەكەی كرد و رایگەیاند "بەردەوام دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە هەموو وڵاتان و بەردەوامدەبن لە مەشق و پڕچەككردنی دەیان هەزار لە هێزەكانی عێراقی و سووری".
ئۆباما ئەوەی وەبیرهێنایەوە كە بۆ خێراتر كردنی بەرەنگاربوونەوەی داعش هێزەكانی تایبەتی وڵاتەكەی لەو دوو وڵاتە جێگیر كردووە و بەردەوامن لە كاركردن لەگەڵ دۆست و هاوپەیماناندا بۆ بڕینی سەرچاوەكانی ئابووری و رێگرتن لە چوونی شەڕكەری بیانی بۆ نێو ریزەكانیان.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا كە لەگەڵ وڵاتانی ئەورووپیدا پەرەیان بە هەماهەنگی هەواڵگری داوە و رایگەیاند "لەگەڵ توركیادا كار بۆ داخستنی سنووری سووریا دەكەن".
باراك ئۆباما جەختی كردەوە كە لەگەڵ وڵاتانی ئیسلامیشدا كار بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئایدۆلۆجیای داعش دەكەن.
هاوكات ئۆباما بانگەوازێكی ئاراستەی كۆنگرێسی وڵاتەكەی كرد بۆ پشتگیری كردنی هەوڵەكانی.
ئۆباما جەختیشی كردەوە لەسەر پێویستی قورسكردنی مۆڵەتی هەڵگرتنی چەك لەلایەن هاووڵاتییانی ئەمریكاوە و رایگەیاند "پێویستە رێگە لە گەیشتنی چەك بە دەستی گومانلێكراوانی تیرۆر بگیرێت و رێگە بگیرێت لە كڕینی چەكی قورسی وەك ئەوەی لە پەلامارەكەی شاری سان بێرناردینۆ بەكارهێنرا بوو".
ناوبراو رایگەیاند فەرمانی داوە كە یاساكانی پێدانی ڤیزە چاویان پێدا بخشێنرێتەوە و لێكۆڵینەوەی وردتر لەبارەی ئەو كەسانەوە ئەنجامبدرێت كە بەبێ ڤیزە دەێنە نێو ئەمریكا و دڵنیا بن لەوەی كە ئەو كەسانە پێشتر چوونەتە ناوچەكانی جەنگەوە یان نا.
- "پێوستە وەك هاوپەیمانی بەهێزی ئەمریكا سەیری موسوڵمانان بكەین"
باراك ئۆباما جەختی كردەوە كە نابێت ئەمەریكا جارێكی دیكە بچێتەوە نێو جەنگێكی درێژ و پڕ تێچوو لە عێراق و سووریا، كە ئەوە خواستی گرووپەكانی تیرۆریستی وەك داعشە.
ئۆباما گوتی: "ئێمە ناتوانین ئەم بەرەنگاربوونەوەیە وەك بەرەنگاربوونەوەی ئیسلام و ئەمریكا پێناسە بكەین و پشت لەیەكتری بكەین. ئەمەش شتێكە كە گرووپەكانی وەك داعش دەیانەوێت. داعش بەناوی ئیسلامەوە نادوێت. ئەوان دڕندە و بكوژن و نوێنەرایەتی بەشێكی كەمی زیاتر لە یەك ملیار موسوڵمان دەكەن كە ملیۆنەها موسوڵمانی نیشتمانپەروەری ئەمریكیشیان تێدایە. لەگەڵ ئەوەیشدا زۆرینەی قوربانییانی دەستی تیرۆر لە جیهاندا موسوڵمانان. ئەگەر بمانەوێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆردا سەركەوتوو بین، ئەوا پێویستە لەجیاتی پاڵنانی موسوڵمانان بەرەو گومان و رق و كینە، وەك بەهێزترین هاوپەیمان سەیریان بكەین".
ئۆباما ئاماژەی بەوەیش دا كە لەنێو كۆمەڵگاكانی ئیسلامیدا لایەنگری ئایدۆلۆجیای توندوتیژی بڵاوبۆتەوە و، جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی كە ئەوەی باوەڕی بە ئیسلام هەبێت پێویستە لەسەری بەرەنگاری ئەو كێشەیە ببێتەوە.
هەروەها ئۆباما رووی قسەكانی كردە ئەوانەی كە بە گومانەوە لە موسوڵمانانی ئەمریكا دەڕوانن و گوتی: "ئەوان هاوڕێ و دراوسێ و هاوپیشە و پاڵەوانانی جیهانی وەرزیشمان و سەربازانی پاراستنی وڵاتەكەمانن و پێویسته ههمیشه ئهوهمان لهبیربێت".