Ali Kemal Akan
06 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە – AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی، رەجەب تەیب ئەردۆغان رووی دەمی کردە رێکخستنەکانی پارتەکەی و رایگەیاند: "بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجەکانی ئێستا رەنگە کەمێک هەڵبژاردنەکان پێش بخرێن، ئێوە لە هەمووان باشتر گرنگی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ دەزانن".
ئەردۆغان لە میانی کۆبوونەوەی بەرفراوانی سەرۆک لقەکانی ئاک پارتی لە بارەگای گشتیی ئاک پارتی لە ئەنقەرە، گوتارێکی پێشکەش کرد و هیوای خواست ٢٠٢٣ ببێتە مایەی خێر و خۆشی بۆ تەواوی گەلی تورکیا.
ئەردۆغان لەبارەی هەڵبژاردنەوە رووی دەمی کردە رێکخستنەکانی پارتەکەی و گوتی: "بەلەبەرچاوگرتنی هەلومەرجەکانی ئێستا رەنگە کەمێک هەڵبژاردنەکان پێش بخرێن، ئێوە لە هەمووان باشتر گرنگی هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ دەزانن".
ئەردۆغان ئاماژەی بە زیادبوونی ژمارەی ئەندامانی پارتەکەی کرد و گوتی: "بەپێی داتاکانی سەرۆکایەتی داواکاری کۆماری سەر بە دادگای باڵای تێهەڵچوونەوە لە ٢٠٢٣ ژمارەی ئەندامانمان گەیشتووەتە ١١ ملیۆن و ٢٤١ هەزار، ئەمەیش بەرهەمی ماندووبوونی هەموومانە. بۆ یەکەمجارە لە مێژووی کۆماری تورکیادا ژمارەی ئەندامانی پارتێکی سیاسی بگاتە ئەو ئاستە بەرزە".
بە ئاماژەدان بەوەی کە چی وای نەماوە بۆ کاتی هەڵبژاردن و هێشتا نازانن لەگەڵ کێدا دەکەونە کێبڕکێ، ئەردۆغان گوتی: "گەلەکەمان هێشتا نازانێت کێ و کامانەن ئەوانەی بەربژێر دەکرێن. شەڕ، ململانێ، پیلانگێڕی، پاشەکشە و خۆدزینەوە هەموو ئەو شتانەن کە لە (مێزی شەش قۆڵی) بەدی دەکرێت. هیچ دیدگا و بەرنامە و کاندیدێکیان نییە".
ئەردۆغان سەرنجی خستە سەر چارەسەرکردنی کێشەی تەواوی فەرمانبەران و گوتی: "گوتمان هەموو کێشەکانی فەرمانبەرانمان چارەسەر دەکەین، لە بەڵێندەرانەوە تا ئەو کەسانەی بە گرێبەست دامەزراون، لە خانەنشینییەوە تا کەمترین مووچە و هەموویانمان چارەسەر کرد".
سەرکۆماری تورکیا بە سەرنج خستنە سەر ئەوەی کە ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکراینا، ڤلۆدیمێر زێلێنسکی ئەنجام دەدات، گوتی: "لە پەیوەندی تەلەفۆنیشمدا لەگەڵ (سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر) پوتین گفتوگۆمان لەسەر چۆنییەتی ساز کردنی زەمینە بۆ نەرمتر کردنی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا-ئۆکراینا، کرد".
ئەردۆغان لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا، تورکیا و سووریایشەوە گوتی: "وەک رووسیا-تورکیا-سووریا، دەستمان بە پرۆسەیەک کردووە. وەزیرەکانی دەرەوەمان کۆدەبنەوە، دواتر ، بەپێی پێشهاتەکان لەسەر ئاستی سەرکردەکان کۆدەبینەوە".