09 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 12 مای,س 2020
بەغدا - AA
قایمقامی قەزای مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا، زوهێر ئەعرەجی رایگەیاند کە کارەکانی دووبارە بنیاتنانەوەی ٤٠٠ خانوو لە شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگاکە کە چەند ساڵێک لەومەبەر بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و داعشەوە وێرانبوون، دەستی پێکراوە.
زوهێر ئەعرەجی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە تیمەکانی ئەندازیاریی و هونەریی دەستیانکردووە بە کارەکانی دووبارە بنیاتنانەوەی ٤٠٠ خانوو لە ناوچەی مووسڵی کۆن کە بەهۆی شەڕ و پێکدادانەکانی نێوان هێزە ئەمنییەکان و داعشەوە وێرانبوون.
روونیشیکردووەتەوە کە لە ماوەی حەوت مانگدا، کارەکانی دووبارە بنیاتنانەوەی ئەو خانووانە تەواودەکرێت.
بەرپرسانی عێراق ئاماژە بەوە دەکەن کە ژێرخانەکانی گشتی و تایبەت لە شاری مووسڵ بەهۆی داعشەوە بەڕێژی ٨٠ لەسەدا وێرانبووە.
حکوومەتی عێراق لە شوباتی ٢٠١٨دا رایگەیاندبوو کە دووبارە ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنانەوەی ئەو ناوچانەی کە بەهۆی شەڕەکانی دژبە داعش وێرانبوون، پێویستی بە ٨٨ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار هەیە.