29 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 30 حوزەیران 2020
بەغدا ــ AA
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی رایگەیاند كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، سێزدە ئۆپەراسیۆنیان بە ئامانجی راوەدوونان و ریشەكێشكردنی تیرۆریستانی داعش لە ژمارەیەك ناوچەی عێراق ئەنجامداوە.
لیوا تەحسین خەفاجی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاشكرای كرد كە سەرجەم ئۆپەراسیۆنەكان، پشت بەستن بە زانیارییەكانی هەواڵگریی ئەنجامدراون و راشیگەیاند كە تیرۆریستان بەردەوام هەوڵدەدەن رەوشی عێراق بۆ ئەنجامدانی كردە تیرۆریستی بقۆزنەوە.
گوتیشی:"راستە تیرۆریستانی داعشمان لە سەرجەم ناوچەكانی عێراق وەدەرناوە، بەڵام هێشتا شانە نووستووەكانی رێكخراوە تیرۆریستییەكە لە ژمارەیەك ناوچە خۆیان حەشارداوە، بۆیە ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەكان بۆ كۆتایی هێنان بە بوونی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لە سەرجەم ناوچەكانی عێراق بەردەوام دەبێت".
گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق، لیوا تەحسین خەفاجی باسی لەوەیش كرد لە میانی ئەو ئۆپەراسیۆنانەی كە تا ئێستا بۆسەر تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی عێراق ئەنجامدراون، دەستكەوتی گەورە بەدیهاتووە.
راشیگەیاند كە لەسەرەتای ئەمساڵەوە، عێراق لەسەر ئاستی سیاسیی، كۆمەڵایەتیی، ئابووریی و تەندروستیی بە رەوشێكی نائاسایی تێپەڕدەبێت كە ئەویش كاریگەری لەسەر رەوشی ئەمنیی دروست كردووە، چونكە تیرۆریستانی داعش هەوڵدەدەن رەوشی ئێستای عێراق بۆ ئەنجامدانی كردەی تیرۆریستیی بقۆزنەوە، هەر لەبەر ئەوەیە ئۆپەراسیۆنەكان بەردەوام دەبێت.
لیوا تەحسین خەفاجی گوتیشی: "لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا ئێستا، سێزدە ئۆپەراسیۆنمان بە ئامانجی راوەدوونان و ریشەكێشكردنی تیرۆریستانی داعش لە ژمارەیەك ناوچەی عێراق ئەنجامداوە، ئەویش بەستن بە زانیارییەكانی هەواڵگریی و هاوكاری نێوان هاووڵاتییان و هێزە ئەمنییەكان".