Zana Natık Kerem
05 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2016
ئەنبار ــ AA
فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی ئەنبار، لیوا روكن ئیسماعیل مەحلاوی رایگەیاند "دوورگەی رومادی لە باكووری شارەكە بە تەواوەتی لە ژێر دەستی رێكخراوی تیرۆریستی داعش دەرهێنرا و كۆنترۆڵكرایەوە".
لە ناوەڕاستی ساڵی 2014دا، رێكخراوی تیرۆریستی داعش دوورگەی رومادی باكووری شاری رومادی كۆنترۆڵ كردبوو.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو مەحلاوی گوتی: "هێزەكانی فیرقەی 10 بۆ دواجار بە تەواوەتی دوورگەی رومادی باكووری شارەكەیان لە ژێر دەستی داعش دەرهێنا و كۆنترۆڵیان كردەوە".
فەرماندە سەربازییەكە باسی لەوەیش كرد کە دوورگەی رومادی ناوچەكانی: ئەلبوعەلی جاسم، ئەلبوعەساف، ئەلبوزیاب، ئەلبوشەعبان، لەگەڵ ناوچەی تەرابشە لە خۆدەگرێت و لە ئێستادا تەواوی ئەو ناوچانە لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی سوپا دایە.
ئیسماعیل مەحلاوی ئەوەیشی ئاشكرا كرد كە لە میانی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی دوورگەی رومادی، هێزەكانی فیرقەی 10 بە پشتیوانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی و فڕۆكەكانی جەنگی عێراق، دەیان تیرۆریستی داعشیان كوشتووە و هەروەها ژمارەیەك ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراوی تیرۆریستانیان تێكشكاندووە.
ناوبراو روونیشی كردەوە، هێزەكانیان لە سەرجەم ناوچەكانی دوورگەی رومادی بڵاو بوونەتەوە و هەروەها هەڵمەتی هەڵگرتنەوەی بۆمب و مینە چێنراوەكان لەو ناوچانە دەستی پێكردووە.
لە دوو هەفتەی رابردوودا، هێزەكانی عێراق ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی دوورگەی رومادی دەست پێكرد كە لە ناوەڕاستی ساڵی 2014دا رێكخراوی داعش كۆنترۆڵی كردبوو و لەوێیەوە بە بەردەوام هێرشە خۆكوژییەكانی بۆ ناو شاری رومادی ئەنجام دەدا.