Zana Natık Kerem
07 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2016
نەینەوا ــ AA
ژمارەیەک خۆكوژی داعش هێرشیان كردە سەر شوێنەكانی سوپای عێراق لە نەخۆشخانەی سەلام باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ و بەهۆیەوە 3 سەرباز كوژران و 43 کەسی دیكە بریندار بوون كە 19یان هاووڵاتی مەدەنی بوون.
دوێنێ سێشەممە لەچوارچێوەی پێشڕەوییەكانیان لە ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری مووسڵ، هێزەكانی سوپا چوونە ناو نەخۆشخانەی سەلام باشووری رۆژهەڵاتی شارەكە.
ئەفسەر لە فیرەی نۆی زرێپۆسی سوپای عێراق، نەقیب مەهدی كازم بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "12 خۆكوژی داعش بە ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو هێرشیان كردە سەر هێزەكانیان لە نەخۆشخانەی فێركاری سەلام باشووری رۆژهەڵاتی مووسڵ".
مەهدی كازم گوتیشی: "لەئاكامی هێرشە خۆكوژییەكان، سێ سەرباز كوژران و 43 کەسی دیكە بریندار بوون كە 19یان هاووڵاتی مەدەنی بوون".
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەش كرد كە هێشتا نەخۆشخانەكە كۆنترۆڵ نەكراوەتەوە.
لەلایەكی دیكەوە جێگری فەرماندەی ئەركەكانی یەك لە هێزەكانی دژە تیرۆر، عەمید روكن حەیدەر عوبێدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە، هێزەكانی دژە تیرۆر لەناو گەڕەكی زهوور رۆژهەڵاتی مووسڵ حەشارگەیەكی گەورەی چەك و تەقەمەنی داعشیان دۆزییەوە".
بەپێی ئەوەی کە عوبێدی باسی لێوەكرد لە حەشارەگەكەدا، ژمارەیەكی زۆر گولـلە هاوەن و مووشەكی 107 و ژمارەیەك پارچە چەكی جۆراوجۆر دەستیان بەسەردا گیرا.