Hamit Hüseyin
27 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 31 کانوونی دووەم 2016
فەرماندەی فەرماندەیی گشتیی پێشمەرگەی زێرەڤانی عەزیز وەیسی لە بارەی رەوشی ھەنووكەیی پێشمەرگە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پێشمەرگەی كوردستان ھەموو كاتێك لە ئامادەباشی دایە بۆ شەڕی دژی تیرۆر، با دوژمنانی كوردستان بزانن كە پێشمەرگە بۆ پاراستنی خاك و نیشتیمان ھەمیشە ورەی بەرزە و ئەگەر پێشمەرگە نەبێت ھەموو دەستكەوتەكان لە ناو دەچن و پێشمەرگە سەربەرزی میللەتی ئێمەیە و ھەموو لایەك دڵنیا دەكەینەوە كە ئەو قۆناغە لە كاتێكی نزیكدا تێپەڕ دەبێت و كورد دەگات بە ھەموو مافە رەواكانی".
لەبارەی قەیرانی دارایی ھەرێم و كاریگەرییەكانی بۆسەر پێشمەرگەی كوردستان عەزیز وەیسی گوتی: "قەیرانی دارایی كاریگەریی لەسەر ھەموو كەرتێكی ئەو كۆمەڵگایە ھەبووە تا رادەیەكیش كاریگەریی لەسەر پێشمەرگە ھەبووە بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنجە لەو قەیرانەی ھەرێمی كوردستان و شەڕی تیرۆریستانی داعش پێشمەرگە بیروباوەڕ و ئامانجی گەورەی ھەیە و ھەر بۆیەش ھەمیشە خۆڕاگر بووە. لەو باوەڕەداین كە ھەموو وڵاتانی ھاوپەیمانی دژی داعش لە سەر ھێلن بۆ ئەوەی یارمەتی پێشمەرگە و میللەتی كورد بدەن".
لەبارەی ئوپەراسیونی ئازادكردنی شاری مووسڵ فەرماندەی فەرماندەیی گشتیی پێشمەرگەی زێرەڤانی عەزیز وەیسی كە وەك فەرماندەیەكی پێشمەرگەیە لە ژووری ئوپەراسیونەكانی مووسڵ گوتی: "پێشمەرگەی كوردستان لە ھەموو روویەكەوە ئامادیە "لۆجستی و مەعنەوەی" و ئەگەر سوپای عێراق ئامادەبێت ئەوا پێشمەرگە تەنیا لەسێ رۆژدا دەتوانێت ئوپەراسیونەكە دەست پێبكات. ھەروەھا مژدە بە خەڵكی ئاوارەی ناوچەكانی مووسڵ دەدەین كە لە كاتێكی نزیكدا دەگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان".