Mohammed Baqi Hussein
07 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 08 کانوونی یەکەم 2016
واشنتۆن - AA
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا مارك تۆنه‌ر رایگه‌یاند ئه‌گه‌ر وڵاتەکەی له‌رێككه‌وتنه ئه‌تۆمییه‌كه‌ی کە لەگەڵ ئێران‌دا واژووکراوە بكشێته‌وه، ئەوا وڵاته‌كانی دیكه ده‌توانن درێژه به رێككه‌وتنه‌كه بده‌ن.
له‌میانه‌ی كۆنگره‌ی رۆژنامه‌وانیی رۆژانه‌یدا مارک تۆنه‌ر گوته‌كانی هەریەک لەسهركۆماری ئێران حه‌سه‌ن رۆحانی و سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا دۆناڵد تره‌مپی له‌باره‌ی رێككه‌وتنه ئهتۆمییهكهوە هه‌ڵسه‌نگاند.
تۆنه‌ر رایگەیاند: "ئه‌م رێككه‌وتنه رێككه‌وتنێكی دوو قۆڵی نییه له‌نێوان ئه‌مریكا و ئێران‌دا ئه‌نجامدرابێت. لایه‌نی دیكه‌ش لهرێككهوتنهكهدان. ئه‌گه‌ر به‌روونی بیڵێین، ئەو وڵاتانە زۆر هه‌وڵیاندا بۆ ئەوەی رێككه‌وتنه‌كه سەربگرێت و لەحاڵەتێکی لەوجۆرەدا به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌كه‌وێته مه‌ترسییه‌وه".
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا گوته‌كه‌ی رۆحانی وه‌بیرهێنایه‌وه كه رایگه‌یاندبوو "تره‌مپ ده‌یه‌وێت زۆر شت ئه‌نجامبدات، به‌ڵام هیچ كام له كاره‌كانی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر ئێمه نابێت" و گوتی "هێشتا زووه بۆ قسه‌كردن له‌باره‌ی كارنامه‌ی ده‌سه‌ڵاتی تره‌مپه‌وه كه چی ده‌كات و چی ناكات".
مارک تۆنه‌ر وه‌ڵامی ئه‌و پرسیاره‌ی رۆحانیی به "به‌ڵێ" دایه‌وه كه پرسیبووی ''ئایا ئه‌گه‌ر ئه‌مریكا له رێككه‌وتنه‌كه بكشێته‌وه، ده‌كرێت لایه‌نه‌كانی دیکەی رێككه‌وتنه‌كه درێژه‌ی پێبده‌ن؟''.
تۆنه‌ر باسی لەوەکرد رێككه‌وتنه‌كه هه‌نگاوێكی گرنگه بۆ رێگرییكردن له به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ئەتۆمیی له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه و لایه‌نه‌كانی نێو رێككه‌وتنه‌كه هه‌ڵوێستیان باشه له‌وباره‌یەوه گوتی:
"ئێمه ئه‌مه به رێككه‌وتنێكی باش ده‌زانین. ئەمەمان به روون و به ئاشكرا ده‌ربڕیوه. ئه‌م بۆچوونانهشمان به لایه‌نی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان راگه‌یاندووه".
له‌سه‌ر گوته‌كانی تره‌مپ له‌باره‌ی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی رێككهوتنهکەوە تۆنه‌ر گوتی: "بێگومان ئه‌مه رێككه‌وتنێكی یاساییه و هیچ كه‌سێك ناتوانێت رێگری له لایه‌نێك بكات بكشێته‌وه. به‌ڵام ده‌توانرێت له هۆكاری كشانه‌وه‌كه‌ی بكۆڵرێته‌وه".
دوای ئه‌نجامدانی دانوستان له‌گه‌ڵ ئێران بۆ ماوه‌ی دوو ساڵ، رۆژی 14ی ته‌مووزی 2015 پێنج ئه‌ندامه هه‌میشه‌ییه‌كه‌ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان كه پێكهاتوون له ئه‌مریكا، بریتانیا، فەره‌نسا، رووسیا و چین له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیا رێككه‌وتنی ئه‌تۆمییان له‌گه‌ڵ ئێران واژووكرد.