Zana Natık Kerem
14 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
سوپای عێراق راگەیاند کە ٤٢ تیرۆریستی داعش لە پارێزگای نەینەوا باکووری عێراق کوژراون.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، لیوا یەحیا رەسول لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک بڵاویکردەوە کە لەسەر فەرمانی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزە چەکدارەکان، مستەفا کازمی ھێزەکانی دژەتیرۆر ئۆپەراسیۆنێکیان بۆسەر تیرۆریستانی داعش لە ناوچەی عەین جەحش باشووری پارێزگای نەینەوا ئەنجامدوە.
لیوا یەحیا رەسول راشیگەیاندووە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا کە ماوەی دوو رۆژی خایاندووە شەڕ و پێکدادان لەنێوان ھێزەکانی دژەتیرۆر و تیرۆریستانی داعشدا روویداوە و گوتی:
"لە ئاکامی شەڕ و پێکدادانەکاندا، ٤٢ تیرۆریستی داعش کوژراون کە لەنێویاندا بەناو والی کەرتی دیجلە ناسراو بە بەڕا و جێگیرەکەی بەناوی ئەبو مەحمود لەگەڵ بەرپرسی بەناو راگەیاندنی دیجلە سەربە داعش ناسراو بە ئەبو سەیاف و یاریدەدەرەکەی بەناوی سەجاد، ھەروەھا بەرپرسی سەربازی بەناو کەرتی فارووق سەربە داعش ناسراو بە ئەبو سینا ھەن".
باسی لەوەشکردووە کە لە میانی ئۆپەراسیۆنەکەدا، دەست بەسەر ژمارەیەک چەک و بڕێک تەقەمەنییدا گیراوە.
لیوا یەحیا رەسول ئاماژەی بەوەیشداوە کە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، پاڵپشتی ئاسمانیی لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانی عێراق و ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، دابینکرابوو.