24 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 25 حوزەیران 2020
بەغدا ــ AA
فەرماندەی هێزی وشكانیی عێراق، لیوا روكن قاسم محەمەدی رایگەیاند كە هێزە ئەمنییەكان ئۆپەراسیۆنێكی فراوانیان بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش و پێشكنینی ژمارەیەك ناوچە لە سنووری پارێزگاكانی سەڵاحەددین، دیالە و كەركووك ئەنجامداوە.
لیوا روكن قاسم محەمەدی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا رایگەیاند کە ئۆپەراسیۆنەكە بەپێی پلانێكی تۆكمە بە هاوبەشی لەنێوان هێزەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سەڵاحەددین، سامەڕا، فیرقەی نۆی زرێپۆش و هێزەكانی كۆماندۆ و پۆلیسی فیدرال و حەشدی شەعبی ئەنجامدراوە كە لە میانیدا پاڵپشتی ئاسمانی لەلایەن هێزی ئاسمانیی و فڕۆكە جەنگییەكانی سوپا دابین كرابوو.
فەرماندەی هێزی وشكانیی عێراق، لیوا روكن قاسم محەمەدی ئاشكرایشی كردووە كە لە میانی ئۆپەراسیۆنەكەدا، ژمارەیەك حەشارگە و تونێلی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانە خاپووركراون و گوتیشی:
"ئۆپەراسیۆنەكە سەركەوتووانە ئەنجامدراوە كە كاریگەریی لەسەر كەمكردنەوەی جموجۆڵی تیرۆریستانی داعش لەو ناوچانە دروستكردووە".
لیوا روكن قاسم محەمەدی جەختیشی لەسەر ئەوە كردەوە كە ئۆپەراسیۆنی هێزە ئەمنییەكان بە ئامانجی راوەدوونانی تیرۆریستانی داعش درێژەی دەبێت تا ئەو كاتەی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچە سنوورییەكانی نێوان پارێزگاكانی سەڵاحەددین، دیالە و كەركووك پتەوتر دەبێت.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت لە دوو رۆژی رابردوودا، هێزە عێراقییەكان قۆناغی دووەم و سێیەمی ئۆپەراسیۆنی "پاڵەوانەكانی عێراق"یان لە ناوچەكانی نێوان رۆژهەڵاتی سەحەڵاددین و رۆژئاوای دیالە و باشووری رۆژئاوای كەركووك ئەنجامدابوو.