Mazın Asad
17 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 19 تشرینی دووەم 2017
لەندەن - AA
بەریتانیا ئەو رێککەوتنەی پەسەند نەکرد کە لە لایەن پەکەکە/پەیەدە و داعش ئەنجام درا.
وەزیری دەوڵەت لە کابینەی حکوومەتی بەریتانیا بۆ کاروباری کۆمەڵەی نەتەوەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەحمەد تارق کە سەر بە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیایە لەبارەی پێشھاتەکانی سووریا لە پەرلەمانی وڵاتەکەی زانیاری پێشکەش بە پەرلەمانتاران کرد.
ئەحمەد تارق لەبارەی رێککەوتنی نھێنی نێوان داعش و پەکەکە/پەیەدە بۆ دەرچوونی ئەندامانی داعش لە رەققە، رایگەیاند: "بەشداری کۆبوونەوەکانمان نەکرد و ئەم بڕیارەمان پەسەند نەکرد. ئەم رێککەوتنە خۆجێیە لە لایەن ئەنجوومەنی سڤیلی رەققە و سەرکردە خۆجێیەکان بە سەرۆک عەشیرەتەکانەوە ئەنجام درا".
وەزیرەکەی بەریتانیا ئاماژەی بەوەش دا کە سەرەڕای ئەوە داعش خاک لەدەست دەدات، بەڵام ھێشتا ھەڕەشە دروست دەکات و بۆیە لە ئامانجی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەردەوام دەبێت و گوتیشی: "پێداگرین لەسەر کۆتایی ھێنان بە داعش. بەھۆی ئەوەی داعش لە ناوچەکە شکست دەھێنێت و لەوێوە ھەندێک کەس دەگەڕێتەوە، ئامادەی رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەکانین. رێککەوتنەکە بە تایبەتی لە لایەن ھێزەکانی سووریای دیموکرات(پەکەکە/پەیەدە) دەزانرا کە رێککەوتنێکی خۆجێیە. ئامانجی گواستنەوەکە، کەمکردنەوەی قوربانیانی رەققە بوو کە لە نێوانیاندا ئافرەت و منداڵ ھەیە".
لەبارەی گەڕانەوەی ئەو بەریتانیانەی لە نێو ریزەکانی داعشدان، ئەحمەد تارق گوتی: "ئەگەر جەنگاوەرانی بیانی بیانەوێت بۆ بەریتانیا بگەڕێنەوە، ئەوا لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت لەسەر ئەو تاوانانەی لە دەرەوەی وڵات ئەنجامیان داوە و قۆناغێکیش ھەیە کە رێکاری یاسایی دەربارەیان ئەنجام دەدرێت. لە گشت رووێکەوە چاودێری ئەو جەنگاوەرانەی داعش دەکەین کە لە ناوچەکە ھەڵدێن".
بەھۆی رێککەوتنی نێوان پەکەکە/پەیەدە و داعش بۆ دەرچوونی ئەندامان و خێزانی ئەندامانی داعش لە شاری رەققە، مشتومڕ لای رای گشتی نێودەوڵەتی دروست بووە.