Zana Natık Kerem
23 کانوونی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2017
ئەنبار ــ AA
- لە پارێزگای ئەنبار، قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی لەبەر خوێندن ژیانیان خستووەتە مەترسییەوە چونكە ناچاران كاتێك لە ناوچەی حەویجە دەچنە قوتابخانە لە ناحیەی بەغدادی بە بەلەم لە رووباری فورات بپەڕنەوە، دوای ئەوەی داعش پردی نێوان حەویجە و بەغدادی وێران كرد.
- مامۆستا لە قوتابخانەی میساق لە ناحیەی بەغدادی، سائر عناد: "قوتابییەكان كاتێك دێنە قوتابخانە و دەگەڕێنە ماڵەوە ناچارن رۆژانە دووجار بە بەلەم لە رووباری فورات بپەڕنەوە چونكە لە ئێستادا هیچ چارەیەكی دیكە نییە".
لە پارێزگای ئەنبار، قوتابیانی قۆناغی سەرەتای لەبەر خوێندن ژیانیان خستووەتە مەترسییەوە چونكە ئەوان ناچاران كاتێك لە ناوچەی حەویجە دەچنە قوتابخانە لە ناحیەی بەغدادی بە بەلەم لە رووباری فورات بپەڕنەوە، دوای ئەوەی داعش پردی نێوان حەویجە و بەغدادی وێران كرد.
ئەوەی ئێستا بیرو هۆشی ئەمجەدی تەمەن هەشت ساڵ سەرقاڵ كردووە، ئەوەیە بە بەلەم لەم دیوی رووباری فورات بپەڕێتەوە ئەو دیوی رووبارەكە بۆ ئەوەی چارەنووسی وەك هەمان چارەنووسی دوو لە هاورێیانی لێنەیەت كە چەند هەفتەیەك لەمەوبەر كەوتنە ناو رووبارەكە و خنکان.
لەگەڵ ئەمجەد ٣٣ قوتابی قۆناغی سەرەتایی هەیە كاتێك دەچنە قوتابخانە بۆ ناحیەی بەغدادی دەبێت بچنە ناو بەلەم لە رووباری فورات بپەڕنەوە دوای ئەوەی داعش بەرلە چەند مانگێگ ئەو پردەی وێران كرد كە ناوچەی حەویجەی بەناحیەی بەغدادی دەبەستەوە چونكە قوتابخانەكە كە ئەو قوتابیانە بۆ دەچن لە ناحیەكەیە.
تەنانەت لەگەڵ ئەوەی مەترسی ئەوە هەیە كە ئەو بەلەمانە لەوانەیە لە كاتی توندبوونی شەپۆلی ئاوی رووباری فورات نقومبن، هیچ كەلوپەلی رزگاربوون بۆ ئەو قوتابییانە دابین نەكراوە كە تەمەنیان لەنێوان ٧ بۆ ١٣ ساڵە.
ــ مەترسی ژیانی قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی
قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی لە ناوچەی حەویجە رۆژانە دەچنە قوتابخانەی میساق لە ناحیەكە كە لە كاتی هاتن و رۆیشتنیان رۆژانە دووجار بە بەلەم بەڕووباری فوراتدا دەپەڕنەوە.
لەمبارەیەوە مامۆستای قوتابخانەی میساق لە ناحیەی بەغدادی، سائر عناد رایگەیاند كە قوتابییەكان لەكاتی هاتنیان بۆ قوتابخەنەكە و گەڕانەوەیان بۆ ماڵەوە رۆژانە دووجار بە بەلەم لە دار دروستکراو بەڕووباری فوراتدا دەپەڕنەوە كە لە ئێستایشدا هیچ رێگە چارەیەكی دیكە نییە.
لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو سائر عناد گوتی: "ئەو بەلەمانە كە قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی لە رووباری فورات پێی دەپەڕنەوە لە وەرزی زستاندا هیچ باش نییە چونكە لەوانەیە بەهۆی توندی شەپۆلی ئاوی رووبارەكە، ئەو بەلەمانە نقومبن و كە ئەمەش ژیانی قوتابیییەكان دەخاتە مەترسییەوە".
كاتێك لە هاوینی ساڵی ٢٠١٤دا، داعش هێرشی كردە سەر ناوچەكانی باكووری و رۆژئاوای عێراق، ناحیەی بەغدادی رۆژئاوای كۆنتڕۆڵ كرد و دواتر بەئامانجی پەكخستنی پێشڕەویی هێزەكانی عێراق لە میانی ئۆپەراسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی ئەنبار، داعش ئەو پردەی وێران كرد كە ناوچەی حەویجە بەناحیەی بەغدادی دەبەستەوە.
لەمیانی قسەكانییدا سائر عناد رەخنەی توندی لە حكوومەتی خۆجێی و پارێزگاری ئەنبار، سوهەیب راوی گرت و گوتی: "تا ئێستا هیچ كار و شتێكیان بۆ نەكردووین لە كاتێكدا ژمارەی دانیشتوانی ناحیەی بەغدادی ٣٨ هەزار كەسە و ئەوان ئێمە ناناسن تەنها لە كاتی هەڵبژاردنەكاندا نەبێت".
ناوبراو گوتیشی: "دانیشتوانی ناحیەی بەغدادی ژمارەیەك داواكاری سادەیان هەیە لەوانە هەڵگرتنەوەی پاشماوەكانی شەڕ لەناو شەقامەكانی ناحیەكەیان و هەروەها چاككردنەوەی پردەكانی سەر رووباری فورات بۆ ئەوەی سەختی و دژراوی پەڕینەوەی دانیشتوان چارەسەر بكرێت بەتایبەتیش بۆ قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی كە ناچارن لەكاتی هاتنیان بۆ قوتابخانەی میساق بە بەلەم لە رووبارەكە بپەڕنەوە".
لە كۆتایی قسەكانیدا سائر عناد گوتی: "باواڕە ناكەین كە لە داعش رزگارمان بوو ئێنجا رووبار بێت و منداڵەكانمان بخنكێنێت".
ــ هیچ پزیشكێك نییە
تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو لە گەشتێكدا یاوەری ژمارەیەك قوتابیانی قۆناغی سەرەتایی كرد كە لەناویاندا ئەمجەد هەبوو كە لە ناوچەی حەویجە بە بەلەم لە رووباری فورات دەپەڕانەوە و دەچوونە قوتابخانەی میساق لە ناحیەی بەغدادی.
لە میانی گەشتەكەدا یەكێك لەو قوتابیانە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پەڕینەوە لەم رووبارە رۆژانە، ترسی لە دەروونی من و قوتابییەكانی دیكە دروست كردووە بەتایبەتیش دوای ئەوەی دوو لە هاورێیەكانمان لەم رووبارە خنكان".
ئەمجەد كە چاكەتێكی زەردی دژە ئاو لەبەردابوو هیوای وابوو جەستەی تەڕ نەبێت بۆ ئەوەی نەخۆش نەكەوێت چونكە ئەو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "كە دەچنە قوتابخانە و دەگەڕێنەوە جەستەمان بەئاوی رووبارەكە تەڕ دەبێت و رۆژانە نەخۆش دەكەوێن و هیچ پزیشكێك لەناوچەكمان نییە تا نەخۆشییەكانمان چارەسەر بكات".
ـ قەیرانی دارایی
وەك وەڵامدانەوەیەك بۆ سكاڵاكانی دانیشتوی ناحیەی بەغدادی لە پارێزگای ئەنبار و ناوچەكانی دیكەی عێراق، حكوومەتی عێراق رایگەیاندووە كە ماوەی زیاتر لە دوو ساڵە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت و خەرجییەكانی شەڕی دژبە داعش كەوتووەتە قەیرانی دارایی و ئابوورییەوە.
ئەو قەیرانە داراییە وای كردووە هیچ ناوچەیەكی كۆنتڕۆڵكراو كە بەهۆی شەڕ و پێكدادانەكانی نێوان هێزەكانی عێراق و داعش وێران بووە، دەستی ئاوەدانی بۆ درێژ نەكرێت لەسەروویانەوە پردە رووخاوەكان.
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری ناحیەی بەغدادی، شەرحەبیل كەهلان عوبێدی رایگەیاند كە زۆربەی پردەكانی ناحیەكەیان كە دەكەونە سەر رووباری فورات پێشتر داعش هەموویانی تەقاندووەتەوە بۆ ئەوەی هێزەكانی عێراق نەتوانن بەسەریاندا بپەڕنەوە".
شەرحەبیل كەهلان عوبێدی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "داعش زیاتر لە پێنج پردی ستراتیجی لە ناحیەی بەغدادی تەقاندووەتەوە".
لە درێژەی قسەكانیدا بەڕێوەبەری ناحیەی بەغدادی گوتی: "قوتابخانەكانی ناحیەی بەغدادی بەهەمان شێوەیە بەهۆی ئۆپەراسیۆنە سەربازی و كردە تیرۆریستییەكان، زیانیان پێگەیشتووە و بەهەوڵی خۆمان تەنها توانیومانە ژمارەیەكی كەمی ئەو قوتابخانانە نۆژەن بكەینەوە".
ناوبراو روونیكردەوە، ناوچەی حەویجە تەنها پردێك هەبوو كە بەناحیەی بەغدادی دەبەستایەوە ئەوەش داعش وێرانی كرد و لە ئێستایشدا قوتابیان و دانیشتوانی ناوچەكە بە بەلەم بەڕووباری فوراتدا دەپەڕنەوە".
شەرحەبیل كەهلان عوبێدی گوتیشی: "دوو هەفتە لەمەوبەر دوو قوتابی قۆناغی سەرەتای لە ناوچەی حەویجە لە كاتی پەڕینەوەیان لە رووباری فورات خنکان بۆیە پێویستە لەسەر وەزارەتی ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێبوون دەست بكات بەدووبارە چاككردنەوەی پردە رووخاوەكانی ناحیەی بەغدای بۆ ئەوەی قوتابی زیاتر لەو رووبارەکەدا نەخنكێت".
لە كۆتایی مانگی رابردوو، دوو قوتابی قۆناغی سەرەتایی كاتێك لە ناوچەی حەویجە دەچوونە قوتابخانەی میساق لە ناحیەی بەغدا بەهۆی شەپۆلی توندی ئاوی رووباری فورات بەلەمەكەیان نقومبوو و خنكان.
سەرباری ئەوەی هێزەكانی عێراق لە ناوەڕاستی ساڵی رابردوودا، ناوچەكانی پارێزگای ئەنبار كۆنتڕۆڵكردە بەڵام هێشتا حكوومەتی عێراق دەستی نەكردووە بەچاككردنەوەی ئەو پردانە كە بەهۆی شەڕو پێكدادانەكانە رووخاون.