hemn husain
03 تەمووز 2016•نوێکردنەوە: 04 تەمووز 2016
هەولێر
بەرەبەیانی ئەمڕۆ پرۆسەی کۆنترۆڵکردنەوەی شارۆچکەی شەرگات و شارەدێی گەیارە لە باکووری پارێزگای سەڵاحەدین و باشووری مووسڵ لەلایەن سوپای عێراق و ھێزەکانی تەناهی بەپاڵپشتی ھێزی ئاسمانی عێراق و ھاوپەیمانان دەستی پێکرد و لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەش هێزەکانی عێراقی توانیان سێ گوند کۆنتڕۆڵ بکەن.
فەرماندە لە لیوای 91ـی سوپای عێراق رائید ئەمین شێخانی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "سەعات 4ـی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی شارۆچکەی شەرگات توانیمان هەر یەک لە گوندەکانی محەل و کەڕامە و عەسڕییە و لە ئاکامی ئەو ئۆپەراسیۆنەش 29 تەرمی داعش کەوتە دەستی ئێمە".
رائید ئەمین شێخانی رایشیگەیاند: "بەسەدان هاووڵاتی خۆیان گەیاندووەتە دەست هێزەکانی سوپای عێراق و ئێمەش دەیانگوازینەوە بۆ مەخموور و لەوێش هێزەکانی پێشمەرگە دەیانگوازنەوە بۆ کامپەکانی دیبەگە کە لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانی سەرپەرشتی دەکرێت".
ھاوکات بە کۆنترۆڵکردنەوەی گوندەکانی عەسرییە و مەحەل و کەرامە ئەوا چوارڕێیانی حاجی عەلی بەتەواوی لەدەستی سوپای عێراقدا دەبێت.
ئامانجی ھێرشەکەی سوپای عێراق کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەی حاجی عەلییە، چونکە شوێنێکی ستراتیژییە و دەڕوانێتە سەر گوندەکانی کودیلە و کەرمردی و چەند گوندێکی دیکە.
شارەدێی گەیارە لەڕووی دانیشتووانەوە گەورەترین شارەدێی عێراقە و لەسەر رووباری دیجلە ھەڵکەوتووە، سەر بە پارێزگای نەینەوایە و بەدووری ٦٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری مووسڵ.