Zana Natık Kerem
15 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2016
بەغدا
هێزەكانی ئەمنی عێراق بە پشتیوانی فڕۆكەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش بەردەوامن لە پێشڕەویەكانیان بەرەو ناوەندی ناحیەی گەیارە (60 كیلۆمەتر باشووری مووسڵ) دوای ئەوەی دەیان گوندیان لە دەورووبەری ناحیەكە لە ژێر دەستی داعش دەرهێنا. بەلای شرۆڤەكارانیشەوە ناحیەی گەیارە ناوچەیەكی ستراتیجی و گرنگە لە رووی تەكتیكی و پاڵپشتی لۆجستی لە شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ.
لە 10ی مانگی حوزەیرانی 2014دا، دوای كۆنترۆڵكردنی تەواوی شاری مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا و ناوچەكانی دەورووبەری، چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، ناحیەی گەیارەیان كۆنترۆڵ كرد.
رۆژی شەممەی رابردوویش، بەڕێوەبەری ناحیەی گەیارە، ساڵح حەسەن جبووری كۆنترۆڵكردنەوەی حەوت گوندی سەربە ناحیەكەی راگەیاند و دووپاتی كردەوە كە لە باشوورەوە هێزەكانی عێراق بە 500 مەتر لە ناوەندی ناحیەی گەیارە دوورن.
ناحیەی گەیارە گەورەترین ناحیەکانی سنووری پارێزگای نەینەوایە و ژمارەی دانیشتوانیشی نزیكەی 80 هەزار كەسە و خاوەن پاڵاوگەیەكی نەوت بوو كە رۆژانە، 16 هەزار بەرمیل نەوت و بەروبوومە نەوتییەكانی بەرهەم دەهێنا و هەروەها كێڵگەیەكی گەورەی نەوتشی لێیە كە ژمارەیەك بیرە نەوتی تێدایە.
ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موەفەق روبێعی باسی لە گرنگی كۆنترۆڵكردنەوەی ناحیەی گەیارەی کرد و گوتی: "گرنگی بنچینەیی بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی ناوەندی ناحیەی گەیارە، پاراستنی ئەو بنکە سەربازییەی كە بەم دواییانە بە پشتیوانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژبە داعش لە نزیك گەیارە دامەزرا كە لە ماوەكانی داهاتوودا، هێزەكانی عێراق وەك بنكەیەك بۆ پێشكەشكردنی پشتیوانی لۆجستی بۆ ئەو هێزانە بەكاری دەهێنن كە ئەركی ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ دەگرنە ئەستۆ.
روبێعی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو زیاتر گوتی: "مانەوەی ناوەندی ناحیەی گەیارە لە ژێر دەستی تیرۆریستانی داعش، بنكە سەربازییەكەی نزیك ناحیەی گەیارە، وەك ئامانج لە بەردەم داعش دەهێڵێتەوە بۆیە كۆنترۆڵكردنەوەی ناوەندی ناحیەی گەیارە، وا دەكات بەتەواوی بنكە سەربازییەكە پارێزراو بێت".
سەبارەت بە گرنگی ناحیەی گەیارە لە رووی تەكتیكەوە لە شەڕی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ، روبێعی روونی كردەوە كە هێزەكانی عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ هەر پەنا بۆ بەكارهێنانی ئەو پلانە سەربازییە دەبن كە بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شاری فەللوجە دانرابوو.
ناوبراو گوتیشی: "هێزەكانی عێراق بۆ ئەوەی بتوانن ناوەندی شاری مووسڵ لە ژێر دەستی داعش بە ئاسانی كۆنترۆڵ بكەنەوە هەوڵدەدەن لە رێگەی ناحیەی گەیارەوە ناحیە و قەزاكانی دەورووبەری باشووری مووسڵ كۆنترۆڵ بكەنەوە.
لە مانگی حوزەیرانی رابردوودا، سەرۆكوەزیرانی عێراق، حەیدەر عەبادی كۆنترۆڵكردنەوەی بنكەی ئاسمانی گەیارەی راگەیاند و گوتی: "پێشبینی دەكەم بەم زووانە تەواوەتی سنووری ناحیەكە كۆنترۆڵ بكرێتەوە".
شارەزا لە بواری كاروباری ئەمنی عێراق، خەلیل نعێمی رایگەیاند كە ناحیەی گەیارە باشووری مووسڵ رێگە بۆ گەیشتنی هێزەكانی عێراق بە ناوچەكانی باشووری مووسڵ كورت دەكاتەوە.
نعێمی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "سەركەوتنی پلانی سەربازی لەسەر چەند خاڵێك بەندە كە گرنگترینیان توانای گەیشتنی هێزەكانی عێراق بۆ ناوچەكانی باشووری مووسڵ لە كاتی دیاری كراوی خۆیدا، رێگەیەكەش لە ناحیەی گەیارە بۆ ناوچەكانی باشووری مووسڵ، بە كورترین رێگە و کەمترین مەترسی بۆ هێزەكانی عێراق دادەنرێت".
شارەزاكە باسی لەوەیش كرد کە پێشڕەوییەکانی هێزەكانی عێراق بەرەو ناوەندی ناحیەی گەیارە، هاوكاتە لەگەڵ پێشڕەوییەکانی هێزەكانی پێشمەرگە بە ئاراستەی ناوچەكانی باكووری شاری مووسڵ كە ئەوەیش پلانێكی تەواو تۆكمەیە بۆ دوورخستنەوەی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكانی باكوور و باشووری مووسڵ.
لە مانگی ئایاری رابردوودا، حكوومەتی عێراق، دەستی بە كۆكردنەوەی هێزی سەربازی كرد لە نزیك شاری مووسڵ بە ئامانجی ئەوەی شارەكە لە دەستی تیرۆریستانی داعش دەربهێنێت.
لە سەرەتای ئەمساڵ، حەیدەر عەبادی دووپاتی كردەوە كە هەر چۆنێك بێت بەر لە كۆتایی ئەمساڵدا، شاری مووسڵ لە ژێر دەستی تیرۆریستانی رێكخراوی داعش دەردەهێنن و بە تەواوی داعش لە عێراق ریشەكێش دەكەن.