Abdullah Shukur
11 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 12 کانوونی یەکەم 2015
ئیستانبوڵ
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان پێش سەردانەکەی بۆ وڵاتی تورکمانستان، لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی رێکخست و ھەڵسەنگاندنی بۆ بابەتی جێگۆرکێی یەکەی سەربازیی تورکیا لە نزیک موسڵ کرد.
ئەردۆغان گوتی: "چەندین وڵات ئۆپەراسیۆن لە عێراق ئەنجام دەدات، بەڵام ئێمە وەک ھیچ کام لەو وڵاتانە نین. ئێمە وڵاتێکی جیاوازین. ئێوە دەزانن وڵاتی عێراق ، داعش و چەندین رێکخراوی تیرۆریستی دیکەی لێیە، ئەمانەش ھەر یەکەیان ھەڕەشەیە بۆ سەر تورکیا، ئێمە ناتوانین چاوەرێی داواکاری حکوومەتی ناوەندی بکەین بەرامبەر ھەر ھێرشێک کە دەکرێتە سەر وڵاتەکەمان. بە پێچەوانەوە ئێمە دەڵێین،"ئەگەر حکوومەتی ناوەندی عێراق پێشگری ناگرێتە بەر بەرامبەر ئەو ھەڕەشانەی کە لەوێوە بۆ وڵاتەکەمان دێت، ئەوا ئێمە دەگرینە بەر".
رەجەب تەییب ئەردۆغان سەبارەت بە ''ناوچەی ئەمنی تایبەت'' لە عەنتاب، رایگەیاند:''ھەنگاوێکە لەچوارچێوەی ھەستیارییەکانی ناوچەکەدا و بڕیارێکە لەو بارەیەوە دراوە. لەئێستادا بۆ ماوەی ١٥ رۆژ بڕیاری لەسەر دراوە. دوای ئەو ١٥ رۆژە چی دەبێت، ئەوە بەرەوپیشچوونەکان بڕیاری لەسەر دەدەن''.
سەرکۆماری تورکیا لەبارەی جێگۆرکێی ھێزی سەربازیی تورکیا لە نزیک موسڵ گوتیشی: " دوێنێ وەزیری دەرەوە و راوێژکاری ھەواڵگری (میت) رەوانەی بەغدا کرد، ئەوانیش کۆبوونەوەی خۆیان ئەنجامدا، ئەمڕۆش من و ھاوکات سەرۆکوەزیرانیش کۆنفرانسمان لەگەڵ راوێژکاری میت و وەزیری دەرەوە لەبارەی کۆبوونەوەکان ئەنجامدا، بەم پێیەش کێشانەوەی سەربازانی تورکیا جێگەی باس نییە".
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە دریێژەدا گوتی: "ئەرکی راھێنان لە کەمپی ئەم ناوچەیە بە پێداگری بەردەوام دەبێت، ھاوکات ئەمانەش لە چوارچێوەی رێککەوتنێک ئەنجام دەدرێت. سەربازانمان لەو شوێنە لە پێگەی شەڕکردن نین، تەنھا بەمەبەستی پاراستنی سەربازانمان ھێزمان ناردووە، ژمارەی ئەو سەربازانەی کە ئاماژەی پێ دەکرێت لە دوور و نزیکەوە پەیوەندی بە ژمارەی سەربازانی راستەقینەی ئێمە لەو شوێنە نییە".
ئەردۆغان رایگەیاند کە ئەوان سەربازەکانیان بەمەبەستی راھێنان رەوانەی ناوچەکە کردووە و ئەمانەش ھێزی شەڕکەر نین. گوتیشی: "من لە سەردەمی سەرۆکوەزیرانیمدا ئەم بابەتانەمان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو کات و سەرۆکوەزیرانی ئەو کاتی عێراق تاوتوێ کرد. داوامام کرد ئەوان ئەم پێشگریانە بگرنە بەر بە پێچەوانەوە ئێمە ناچارین پێشگری بکەین. ئێمە زۆرجار ئاماژەمان بەوە کرد، ئێوەش دەزانن ئێستا داعش چەند ناوچەیەکی داگیر کردووە و حکوومەتی ناوەندی عێراقیش، ھیچ شتێکی نەکردووە، ئێمە لە کۆتای ساڵی ٢٠١٤ لەسەر داوای بەرێز حەیدەر ئەلعەبادی، سەربازانمان بەمەبەستی راھێنان رەوانەی ئەو ناوچەیە کرد، ئێستا لەگەڵ دامەزراندنی کەمپی بەعشیقە، ساڵ و نیوێک تێپەریوە، ئایا ناپرسن ئێوە پێش ساڵ و نیوێک لە کوێ بوون؟".