Sangar Hamad Azeez
15 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2017
سیئۆل - AA
کۆریای باکوور رایگەیاند کە پلانی ئاراستەکردنی مووشەکی بالیستی دوورهاوێژی بۆ سەر دوورگەی گوام رۆژئاوای زەریای مەنگ، دواخستووە.
بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی "KCNA"ی کۆریای باکوور، سوپای ئەو وڵاتە لە بارەی دواخستنی ئاراستەکردنی مووشەکی بالیستی بۆ سەر دوورگەی گوام داوایەکی ئاراستەی سەرۆکی وڵات کیم جۆنگ ئون کردووە و ئەمیش رەزامەندی نیشانداوە.
لە هەواڵەکەدا هاتووە کە کیم جۆنگ ئون، بەر لە تاقیکردنەوەی مووشەکەکە ماوەیەک گوێ لە بڕیارەکانی بەرامبەری دەگرێت و ئەگەر بێت و هەست بە مەترسی بکات بۆ سەر نیمچە دوورگەی کۆریا ئەوا بڕیاری ئاراستەکردنی مووشەکەکە دەدات.
دوای ئەوەی کۆریای باکوور رایگەیاند کە لە پلانیدایە مووشەکی بالیستی ئاراستەی دوورگەی گوام بکات، وەزیری بەرگری ئەمریکا، جێمس ماتیس هۆشداری ئەوەی دا کە کاری لەوجۆرە دەبێتە هۆی بەرپابوونی جەنگ لە ناوچەکە.
دوورگەی گوام رووبەرەكەی ٥٤٩ كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و دەكەوێتە رۆژئاوای زەریای مەنگ و سەر بە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە و بنكەیەكی چالاكی سەربازیی هێزی دەریایی و ئاسمانیی سوپای ئەو وڵاتەی لەسەر دروستكراوە.