Muhammet Ali Kemal
15 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 20 ئاب 2017
نیویۆرک - AA
لەچوارچێوەی بەرنامەیەکی دوو رۆژەدا لە نیویۆرک، سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ بە خۆپیشاندان پێشوازیی لێکرا.
دۆناڵد ترەمپ لەوەتی سەرۆکی ئەمریکایە، یەکەمجارە دێتە نیویۆرک و لەگەڵ هاتنیشیدا بۆ ماڵەکەی کە دەکەوێتە ترەمپ تاور، بەرەورووی خۆپیشاندان لەبەردەم تاوەرەکەدا بوویەوە.
سەرۆکی ئەنجوومەنی نیویۆرک، مارک ڤیڤەریتۆ کە یەکێک بوو لە خۆپیشاندەران، وەک ئاماژەیەک بۆ سەرۆکی ئەمریکا گوتی: ''بەو بڵێین 'بەخێربێیت' بۆ نیویۆرک' ''.
خۆپیشاندانەکان کە لە چەندین شوێنی جیاجیای شارەکەوە بە هۆی گوزارشتە توند و لایەنگرییەکانی جەنگ لە لایەن ترەمپەوە سەبارەت کۆریای باکوور و هاندانی پەلامارە نەژادپەرستییەکەی شارلۆتسڤیلی ویلایەتی ڤیرجینیا، دەستیان پێکرد و هەموویان بەرەو ترەمپ تاوەر چوون.
ئەو گرووپە کە دژ بە جەنگ گردببوونەوە، لەبەردەم کتێبخانەی نیشتمانیی نیویۆرک کە دەکەوێتە شەقامی ٤٢ کۆبوونەوە و گۆرانییان بۆ ''ئاشتی'' و ''خۆشەویستیی'' گوتەوە. هاوکات چەندین درووشمیان دژ بە جەنگ بەرز کردبوویەوە.
لەلایەکی دیکەوە ئەو خۆپیشاندەرانەی کە لە شەقامی ژمارە ٥ کە بەشی زۆری بە رووی هاتوچۆدا داخرابوو، کۆببوونەوە، لەکاتی هاتنی دۆناڵد ترەمپ بۆ ترەمپ تاوەر، درووشمیان لەدژی ناوبراو گوتەوە و لەبەرامبەریشدا گرووپێکی ١٠ کەسی کە لایەنگری ترەمپ بوون، ئاڵای ئەمریکایان بەرزکردبوویەوە. جار جاریش لە نێوان ئەو دوو گرووپەدا مشتومڕ درووستبوو.
خۆپیشاندانەکە لە رێوشوێنێکی ئەمنیی تونددا کە لە لایەن پۆلیسەوە گیرابوویە بەر، بەڕێوەچوون و تا درەنگانێکی شەو بەردەوام بوون.