Islam Doğru
07 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 07 کانوونی دووەم 2021
نیویۆرک - AA
بە هۆی بڵاوکراوەکانی لەبارەی هەڵکوتانە سەر بینای کۆنگرێس، پلاتفۆڕمی تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک کە ناوەندەکەی لە ئەمریکایە، بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بەربەستی بڵاوکردنەوەی لەسەر هەژماری سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ دانا.
لە راگەیەندراوێکدا کە لە لایەن کۆمپانیای فەیسبووکەوە بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: "دوو پێشێلکاری یاساییمان لە لاپەڕەی سەرۆک ترەمپدا بەدیکرد. لەبەرئەوە بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر بەربەست بۆ هەژمارەکەی لەبارەی بڵاوکردنەوە دانرا".
هەروەها تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام کە هەر سەر بە فەیسبووکە، هەژماری ترەمپی بۆ ماوەی ٢٤ کاتژمێر راگرت.
دوای هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس، فەیسبووک و تویتەر هەندێ لە بڵاوکراوەکانی ترەمپیان سڕیەوە کە مەترسی بوون بۆ هەڵکشانی گرژیی، دواتر تویتەر بۆ ماوەی ١٢ کاتژمێر بەربەستی لەبەردەم هەژمارەکەی ترەمدا دانا.
لە کاتێکدا ترەمپ لە هەژمارەکەی لە تویتەر داوای ''نەرمونیانی'' لە لایەنگرانی کرد، ئەمڕۆش دەستەواژەی ''تا هەتایە لە بیرتان بێت''ی بڵاوکردەوە
دوێنێ هەزاران کەس لە دوای کۆبوونەوەی جەماوەری لەبەردەم کۆشکی سپیدا بەرەو کۆنگرەی ئەمریکا رێپێوانیان کرد و، بەربەستەکانی بەردەم کۆنگرێسیان بڕی و، هەوڵیاندا بچنە بیناکەوە.
دوای ماوەیەکی کەم لە پێکدادانی نێوان پۆلیس و خۆپیشاندەران، هەندێ لە خۆپیشاندەران چوونە ناو ئەنجوومەنی پیرانی ئەمریکاوە.
بەو هۆیەشەوە دانیشتنی پەسەندکردنی دەنگدانی ئەنجوومەنی هەڵبژێردەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی لە کۆنگرێس راگیرا، جێگری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پێنس کە سەرۆکایەتی دانیشتنەکەی دەکرد لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێسدا برانە دەرەوەی بیناکە.