Rewa Mahmut Hasan
10 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 11 ئادار 2016
دوای ئەوەی كە دانی نا بە بەكارهێنانی دۆپینگ (ماددەی وزەبەخش) و بەو هۆیەوە بۆ ماوەیەكی كاتی لە یاری كردنی تێنس دوور خرایەوە، یاریزانی بەناوبانگی رووسی ماریا شاراپۆڤا رایگەیاند كە خوازیارە بگەڕێتەوە بۆ یاری تێنس و سوپاسی هەموو هاندەرانیشی كرد بۆ پشتگیری كردنی.
لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك و لە هەژماری خۆی، شارپۆڤا نووسیویەتی "بەیانی پۆستەی ئەلیكترۆنیەكەم پڕبوو لەنامەی خۆشەویستی ئێوە، خواستەكانتان دڵی خۆشكردم".
شاراپۆڤای تەمەن ٢٨ ساڵ بەهۆی بەكارهێنانی دۆپینەوە ئەگەری هەیە کە بۆ ماوەی چوارساڵ دووربخرێتەوە لە یارییەكان.
شاراپۆڤا نووسیوێتی "خۆزگە ئەمانە روویان نەدابووایە، سوورم لەسەر گەڕانەوەم بۆ یاری تێنس، هیوادارم جارێكی تر هەلم بۆ برەخسێت".
بەهۆی بەكارهێنانی ماددەی دۆپینگەوە یەكێتیی تێنسی نێودەوڵەتی لە ٢٦ی كانوونی دووەمی ٢٠١٦دا بریاڕی دوورخستنەوەی شاراپۆڤای دا لە یاری تێنس بۆ ماوەیەكی كاتی، شاراپۆڤاش ئاماژە بەوە دەكات كە ئەو ماوەی ١٠ ساڵە ماددەی مەلدۆنیوم بەكاردەهێنێت و ئاگاداری ئەوە نەبووە كە لە 1ی كانوونی دووەمی رابردووەوە خراوەتە لیستی ماددە قەدەغەكراوەكانەوە.