ئەنقەرە
کۆمیتەی رایگەیاندنی پارتی ئاشتی و دیموکراتی- بەدەپە رایگەیاند: دوای ھاککردنی پێگەی بەڕێوەبەرایەتی ئیستەنبۆڵیان لەتۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، ئێستا پێگەی کۆمیتەی ناوەندیشیان لەو تۆڕە ھاککراوە.
کۆمیتەی رایگەیاندنی بەدەپە لەڕاگەیەنراوەیەکدا ئاماژەی بەوە داوە کە پارتەکەیان دەیەوێ پەیامە سیاسی و ئاشتیخوازانەکانی خۆیان لەڕێی توڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بڵاو بکەنەوە، بەڵام ھەندێ کەس و لایەن بۆ ئاستەنگکردنی ئەو ھەنگاوە، دەستیان بە ئەنجامدانی کاری ناسەردەمییانە کردووە.
لەڕاگەیەنراوی کۆمیتەی راگەیاندنی بەدەپە ھاتووە: سیاسەتی سانسۆری فەیسبووک لە دژی بەدەپە، بەشێکە لەو گوشارە سیاسییەی کە دەخرێتە سەر بەدەپە، ئەو کەسانەی لە پەرەسەندنی چالاکییەکانی بەدەپە لە توڕە کۆمەڵایەتییەکان دەترسێن، نایانەوێ پەیامە سیاسی و ئاشتیخوازانەکانی پارتەکەمان لە سەر ئەو توڕە کۆمەڵایەتییانە بڵاو بکرێنەوە، بۆ ئەو مەبەستە ھەر جۆرە رێبازێکی ناسەردەمییانەیان بەکار ھێناوە.
کۆمیتەی راگەیاندنی بەدەپە نووسیویەتی: بەڕێوەبەرانی فەیسبووک بە ھۆی بەرەژوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ ئاک پارتی لە تورکیا، پێکەوە دەستیان بە ھاککردنی پێگەی پارتەکەمان لە سەر فەیسبووک کردووە.