دیاربەکر
پەرلەمانتاری پارتی ئاشتی و دیموکراتی - بەدەپە نورسەل ئایدۆغان، لەبارەی سەردانی سەرۆکوەزیرانی تورکیا بۆ دیاربەکر گوتی: "چاوەڕێی رەجەب تەیب ئەردۆغان دەکەین تا بزانین لە دیاربەکر چی دەڵێ. دواتر ئێمەیش لەبەردەم بارەگای BDP بۆ ئەوەی قسە بۆ خەڵکی خۆمان بکەین، کۆدەبینەوە. ئێمە چاوەڕێی پەیامی مێژوویی لەسەرۆکوەزیران دەکەین."
سەبارەت بە سەردانی بارزانی بۆ دیاربەکر، ئایدۆغان ئاشکرایکرد تا ئێستا ھیچ بەرنامەیەک دانەنراوە بۆ سەردانی بارزانی تا بچێتە شارەوانیی دیاربەکر، ئایدۆغان گوتی: "مەسعود بارزانی لە سەر داوای BDP نایەتە دیاربەکر، بەڵکو لە سەر داوەتی سەرۆکوەزیران سەردانی دیاربەکر دەکا. لە راگەیاندنەکان باسی ئەوە دەکرێ بارزانی سەردانی شارەوانیی گەورەی دیاربەکر دەکا، بەڵام لەمبارەیەوە ھیچ داواکارییەکی رەسمی نەھاتووە بۆ BDP لەو بارەیەوە."
ئایدۆغان بەمجۆرە درێژەی بەقسەکانی دا: "ئەردۆغان لەگەڵ بارزانی بارودۆخی رۆژئاوا ھەڵدەسەنگێنێ. لەوانەیە بارزانی بخوازێ ئەو پێکھاتەیەی کە کوردی رۆژئاوا خەریکی دامەزراندنییەتی دوابخرێ. لەوبارەیەوە داوای ھاوکاریی لەتورکیا دەکا. دەروازەی سنووری لەگەڵ باشووری کوردستان ماوەیەکی درێژە داخراوە. ئەو دەروازەیە بەڕووی ساڵح موسلیم ھاوسەرۆکی PYDشدا داخرا. بارزانی ویستی ھەموو ئەو دەستکەوتانەی کورد ھەندێک دوابخرێ یان رابگیرێ. پێموایە ئەوانە بۆ بەرژەوەندیی ئەو گونجاو نییە. ئێمە وەکو BDP ئەوە بەڕاست نازانین کوردانی سوریا لەسەر ویستی پارتی دیموکراتی کوردستان ھەڵناسوڕێن، لەو ناوچەیە رێبازی ئۆجالان باڵادەستە، دەبێ ئەوە قبوڵ بکرێ. لەو چوارچێوەیە وەکو گەلێکی برا دەبێ پەیوەندییەکان بەو ئاراستەیەدا بڕۆن."
ئایدۆغان بەبیری ھێنایەوە بارزانی لەگەڵ خۆی، گۆرانیبێژ شوان پەروەر دەباتە دیاربەکر، پەروەر لایەنگری پارتی دیموکراتی کوردستانە: "دەخوازن بەو ھێڵە پەیامی پشتگیریکردنیAKP لە ھەڵبژاردن بکەن. ھەوڵدەدەن بەو پەیامە سەرەنجی کورد رابکێشنە سەر ئێرە. پێویست بە زەحمەتێکی لەم شێوەیە ناکا."
ئایدۆغان لە کۆتایی قسەکانیدا گوتی: "چاوەڕێی پەیامی مێژوویی لەسەرۆکوەزیرانی دەکەین. ئەگەر بەمشێوەیە بێ لە ١٦ مانگ چەپڵەی بۆ لێدەدەین. بەڵام ئەگەر وەکو ھەموو جارێک قسەی لابەلا بکا، گەلی کورد ھەڵوێستی خۆی نیشان دەدا."