پاریس
ھاوسەرۆکی بەدەپە سەڵاحەدین دەمیرتاش، لە پاریسی پایتەختی فەرەنسا بەشدارییکرد لە کۆنفرانسی (رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و بارودۆخی کورد) کرد و لەوەڵامی رۆژنامەنووساندا باسی سەردانی بارزانی و ئەردۆغانی کرد بۆ دیاربەکر.
دەمیرتاش گوتی: "سەردانی بەڕێز بارزانی لە دوای ماوەیەکی درێژ بۆ دیاربەکر، گرنگیی خۆی ھەیە. دیاربەکریش ھەروەکو ھەولێر ماڵی خۆیەتی، ھەرەھا سیاسەتوانێکی خاوەن ئەزموونەو بۆ ئاک پارتی نابێتە کەرەستەی پروپەگەندەی ھەڵبژاردن. ئەو لە بەرژەوەندیی کورد دەجوڵێتەوە."
ھاوسەرۆکی بەدەپە ھەروەھا گوتی: "ھیوادارین رەجەب تەیب ئەردۆغان لە سەردانی بۆ دیاربەکر، پەیامی بوێرانە بدا لەسەر پرۆسەی ئاشتی وچارەسەری پرسی کورد، ھەرچەندە سەردانەکەی بۆ ئێمە سەرنجڕاکێش نابێ، بەڵام بۆ ئێمە ئاشتی تا بڵێی گرنگە، ھیوادارین بە بوێرانە بدوێ و پەیامەکانی خزمەتی قۆناغی چارەسەری بکەن."
سەبارەت بە کات و ناوەڕۆکی سەردانەکە، دەمیرتاش ئەمەی وەکو "مەبەستێکی خراپ" ناوبرد و گوتی: "ئێمە وا تامەزرۆی قسەی جەنابی سەرۆکوەزیران نین، بەڵام لە دەستپێکی قۆناغی ئاشتییەوە ئێمە لەگەڵ سەرۆکوەزیران یەکترمان نەبینیوە."
دەمیرتاش لەبەشێکی قسەکانی باسی کۆنگرەی نەتەوەیی کردو رایگەیاند: ھەر جارێ دوادەخرێ دەبێتە ھۆی لاوازبوونی ئەگەری ئەنجامدانی کۆنگرە. ھەروەھا دەبێتە ھۆی نیگەرانیی گەلی کورد. دەبێ ھەموو سیاسەتوانانی کورد باش بزانن ئەمڕۆ ھەموو کەسێ دەیەوێ ئەم کۆنفرانسە ئەنجامبدرێ، سیاسەتوان و سەرکردە کوردەکان و پارتەکانیش دەبێ باش ئەمە بزانن.