ئەنقەرە
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو، لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا لەبارەی سەردانی بارزانی بۆ دیاربەکرو پێکھێنانی ئیدارەی کاتی لەلایەن پارتی یەکێتی دیموکراتی - پەیەد لەڕۆژئاوای کوردستان قسەیکرد.
لەبارەی پرسیاری PYD لە ھەوڵی دروستکردنی بەڕێوەبەرایەتیی کاتی دایە؟ داودئۆغڵو گوتی: "حەفتەی رابردوو لەنێوان ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا و ئەنجومەنی نیشتمانی کورد گفتوگۆ کرا، ئەنجومەنی نیشتمانی کورد بۆ چوونە ناو ریزەکانی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا و گەیشتنە رێککەوتن، ئەمەش لە رووی کاتەوە زۆر واتادارە."
داودئۆغڵو پێیوایە ئەو ھەڵوێستە ھەوڵ دەدات بەشێوەیەک سنووری سوریا دابڕێژێتەوە تا بۆ سێ پارچە دابەشی بکات، وەکو ئەوە وایە یاریی بە ئاگر بکات. بەم شێوەیە درێژەی قسەکانیدا: "ئەمە ھەڵوێستێکی راست نییە. ئەمڕۆ گروپی ١ ئەوە رادەگەینێ، سبەینێ گروپی ٢ ھەمان شت رادەگەیەنێ، رۆژی دواتریش گروپێکی دیکە شتێکی تر دەکات. ئەگەر سەیر بکەن سوریا لەسەر بنەمای ئەتنیک و مەزھەب لەناوەوە لەچەندین شوێنی دیاریکراو لەنێوانیان دابەشکراوە. ئێمە ھەموو کاتێ دەڵێن برا کوردەکانمان لە سوریا وەکو عەرەب، تورکمان، نوسەیری، دروزی و ھەموو براکانی دیکەمان پێکھاتەیەکی رەسەنی ئەو وڵاتەن، ئەوانیش خاوەن مافن. دیسان چاوی خۆمان لە ھیچ جیاوازییەک لە نێوان مەزھەب ئەتنیکەکان نەگرتووە. بەڵام لەو ماوەیەی دوایی PYD لەو ناوچانەی کە بە پشتگیریی رژێمی سوریا کۆنتڕۆڵیکردووە لەسەر برا کوردەکانمان ئەوانەی تریش زۆر فشاری پەیڕەو کردووە. لەوبارەیەوە سکاڵایەکی زۆرمان بۆ ھاتووە."
داودئۆغڵو بە پێویستی دەزانێ لە سوریا بەرەی نوێی شەڕ دروست نەبێ، بۆ ئەمەش داوا لە ھەموو لایەک دەکات ژیرانە رەفتار بکەن: "پێویستە بە شێوەیەکی کاتی چەندین رێوشوێن بگیرێنەبەر. لەو ناوەندە بێ سەروبەرە ھەندێک گروپ ھاتوونەتە ئاراوە کە لەوانەیە تێیان بگەین یان بە شێوەیەکی ئاسایی تەماشایان بکەین لەناو ئەو ناوچەیە یان ناوچەیەکی دیکە دروستکردنی ھێڵی مەزھەبی و ئەتنیکی ھەڵەیەکی کوشندەیە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەمبارەیەوە درێژەی پێدا: "ئەو ھەنگاوانەی دەنرێن، نە لەلایەن تورکیا، نە لەلایەن وڵاتانی دراوسێ و نە لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە رەوا نابینرێن. پێویستە پشتگیریی لە نزیکبوونەوەی ئیئتیلافی نیشتمانی سوریا و ئەنجومەنی نیشتمانی کورد بکرێ کە ئەمڕۆ ھاتۆتەئاراوە. ھەندێکی تریش دەبێ بڕیار بدەن. ئایا ئەوان لایەنگری رژێمن یان لەدژی رژێمن؟"
لەبارەی سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ تورکیا داودئۆغڵو گوتی: "تێناگەم بۆچی لە شتێکی بەمشێوەیە دڵگران دەبن. ئەوەی بانگھێشتی کردووە سەرۆکوەزیرانی تورکیایە. ئەوەی وەڵامیش دەداتەوە سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە. سەرۆکوەزیرانی تورکیا ھەر یەکێک بۆ سەردانی ناوچەیەک بانگھێشت بکات ئەوە وەڵامی پێیە، پێویستە کەسیش لەمە دڵگران نەبێ."
داودئۆغڵو پێیوایە ئەو سەردانە ئاماژەیە بە رەوشی ئاساییبوونەوە، حکومەتی ئاکارتی بە شێوەیەکی کارا ئەو سیاسەتەی پەیڕەوکرد. داودئۆغڵو گوتی: "ھەردوو ھونەرمەند ئیبراھیم تاتلیساس و شوان پەروەر لەناو دڵی کورد و تورک جێدەگرن، ئەوانیش لەو خاڵە بەیەک دەگەن، ئەمەش تەنیا دڵخۆشی دروست دەکات. ئەوە جەژن و زەماوەندە. پێویست ناکا کەس بە زەماوەند دڵگرانبێ. ئێمە لەگەڵ براکانی دەوروبەرمان لەو زەماوەندە بەیەکەوە دەبین. خودا بەو رۆژە نەکات ئەگەر کارەساتێکی جەرگبڕ رووبدات ئەو کاتیش بەیەکەوە دەبین."
داودئۆغڵو باسی برایەتی سوننە و شیعەی لە مێژوو کرد، راشیگەیاند کە دیاربەکر دەبێتە نموونەی برایەتی تورک – کورد. لەمبارەیەوە دەڵێت: "دوێنێ چۆن لە نەجەف و کەربەلا لەگەڵ برا شیعەکانمان ماتەمینی حەزرەتی حوسێنمان بەیەکەوە کردەوە، لە کۆتایی ئەم ھەفتەیەش لەگەڵ برا کوردەکانمان لە دیاربەکر مەڕاسیمی زەماوەند بەخۆشی دەگێڕین."
داودئۆغڵو پێیوایە پەیوەندیەکان سوودی بۆ ھەموو لایەک ھەیە و ئاشتی بۆ ناوچەکە دەھێنێ. لەو کاتەی ھەندێک دەخوازن لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست شەڕی مەزھەبی و ئەتنیکی ھەڵبگیرسێنن، ئەم سەردانە دەبێتە پەیامێکی گرنگ بۆ تەواوی ناوچەکە: "ئەوەش دێتە واتای وەرن با لە ناخۆشیش بەیەکەوە بین. ئەوانەی دەخوازن لەسەر بنەمای مەزھەبی و ئەتنیکی لێکمان جیابکەنەوە، لەدژی ئەوانەی دەخوازن رووبەڕوی یەکترمان بکەنەوە، دەوەستین. پێویستە ھەموو کەس شانازی بەو پەیامە بکات، پێویستە کەس پێی دڵگران نەبێ."