Halil İbrahim Sincar,Mehmet Çalık
26 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 27 کانوونی دووەم 2016
پەرلەمانتاری دیاربەکر لە لیستی ئاکپارتی، ئۆرھان میرئۆغڵو کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرد و رایگەیاند کە تورکیا بە ئومێدەوە دەڕوانێتە ئایندە، بەڵام وڵات لە رۆژانی سەختدا تێپەڕ دەبێت.
میرئۆغڵو ئاماژەی بەوە دا کە بەھۆی ھێرشەکانی پەکەکەوە خەڵکی ناوچەکە زەرەرمەند بوونە و گوتیشی: "شەڕوپێکدادانەکانی شارۆچکەکانی نسێبین، سلۆپی، جەزیر و سوور زیاتر لە دوو مانگە درێژەی ھەیە. لایەنێکی سیاسی دیار رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەک بووەتەوە، بەڵام بە سەختی باجەکەی لە لایەن گەلەوە دەدرێتەوە. ئەمڕۆ گەلی کورد لە ناوچەکە چانسی بەو ستراتێژییە نەداوە".
پەرلەمانتارەکەی ئاکپارتی روونیشی کردەوە کە گەل بە ھیچ شێوەیەک رێگەی بە ستراتێژی خۆبەڕێوەبردنی پەکەکەی نەداوە و بەم پێیەش گوتی: "بەھۆی ئەوەی گەل ئەم چانسەی پێ نەداوە، چەکدارانی پەکەکە خەندەقی ھەڵکەند و رووبەڕووی ھێزەکانی تەناھی بووەوە، بەڵام ئەم بەرھەڵستکارییە لە لایەن گەلەوە بە ھیچ شێوەیەک کاردانەوەی نەبوو".
میرئۆغڵو لە درێژەدا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە حکوومەتی تورکیا ھەوڵێکی زۆری بۆ پارێزگاریکردنی دیموکراسی و ئازادییەکان خستووەتەگەڕ و ھەروەھا گوتیشی: "حکوومەتەکەمان بە بیرۆکەی ساڵی نەوەدەکان ھەڵسوکەوت ناکات. بە پێچەوانەوە ئێمە حکوومەتێکین کە لەو باوەڕەداین گەورەترین چەکمان بەرامبەر بە تیرۆریزم، خەباتی دیموکراسی و ئازادییەکانە. لە بەرامبەردا ھێشتا لە برۆکسل و قەندیل روونکردنەوە لەبارەی ئەنجامدانی ھێرش دەکرێت".
ناوبراو لەبارەی ھەڵکەندنی خەندەقەکانەوە دەڵێت: "گەڕانەوەی ھەدەپە بۆ زەمینەی سیاسی پەرلەمان زۆر گرنگە، بەڵام پەکەکە رێگەی پێ نادات. ھەدەپە بۆ ئامرازی پرۆپاگەندە گۆڕاوە".
پەرلەمانتارەکەی ئاکپارتی بە پێویستی زانی ئەمریکا چاو بە پەیوەندی نێوان پەکەکە و پەیەدە بخشێنێتەوە و زیاتر گوتیشی: "پێدانی چەک بە پەیەدە و رووبەڕووبوونەوە بەرامبەر بەو چەکانە لە شارۆچکەکانی سوور، نسێبین و جەزیر بە مانای بوونی کێشەیەک دێت. ھەروەک دەنگۆی سیاسەتمەدارانی ئەمریکا کە گوایە پەیەدە رێکخراوێکی جیایە. پەیەدە و پەکەکە رێکخراوێکی جیاواز نین".