Rewa Mahmut Hasan
26 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2016
یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی تورکیا و گوتەبێژی حکوومەت نومان کورتوڵموش دوای کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا کە لە کۆشکی چانکایا و بەسەرۆکایەتی ئەحمەد داودئۆغڵو بەڕێوەچوو، لێدوانی بۆ رۆژنامەنووسان دا.
کورتوڵموش گوتی: "ئەوەی لێرەدا گرنگە رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر دۆخێکی ناهەموارە، ئینشەڵا کە تیرۆر کۆتایی هات، قەرەبووی دۆخی کۆمەڵایەتی و ئابووری و ئاوەدانکردنەوە و نۆژەنکردنەوە دەست پێدەکات بە شێوەیەکی خێرا.
سەرەتا یەکەمجار قۆناغێکی سێ هەنگاوی دەست پێدەکات. بۆ کۆتاییهێنان بە کێشەی ئابووری و کۆمەڵایەتی، سەرەڕای ئەوەش کار دەکرێت بۆ تێگەیشتنی برایەتی و پێکەوەیی. دووهەمینیشیان لەم قۆناغەدا دیپلۆماسییەکی جەماوەری چر دەست پێ دەکرێت لە ناوخۆ و دەرەوە و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش.
لەبارەی قۆناغی سێهەمەوە کورتوڵموش ئاماژەی بەوەدا کە هەندێک رێوشوێنی کارگێری پشتبەستوو بە بەڵگەی جدی دەگیرێتە بەر. چوارەمیش ئەو زیانەی کە خەڵکی مەدەنی بەری کەوتووە هەوڵی سارێژ کردنەوەی دەدرێت. ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا کە وەک خاڵی پێنجەم کار دەکەن تاکو برایەتی و پێکەوە ژیان لە گشت تورکیا دەستەبەر بکەن تاکو ببنە دەسەڵاتی لەسەدا ١٠٠ ی تەواوی تورکیا.
کورتوڵموش ئاماژەی بەوەشدا کە بەرۆژ خەڵک بەردەوامن لە ژیانی رۆژانەی خۆیان لە هەندێک ناوچە شەوان یاسای قەدەغەی هاتوچۆ جێبەجێ دەکرێت. هاوکات ئاشکراشی کرد کە دۆخی رووبەڕوو بوونەوەی تیرۆر لە سلۆپی کۆتایی هاتووە و بە خێرایی کار دەکرێت بۆ نۆژەنکردنەوەو ئاوەدانکردنەوەی ناوچەکە.