Mohammed Baqi Hussein
25 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2016
ساڵی رابردوو زیاتر لە 6 ملیۆن و 300 هەزار گەشتیار لەڕێگەی سیستمی ڤیزەی ئەلیكترۆنییەوە تەنها بە سێ خولەك ڤیزەیان وەرگرتووە و سەردانی توركیایان كردووە. ئەو سیستمە بەمەبەستی كەمكردنەوەی ریزی گەشتیاران لە دەروازەی سنووری و فڕۆكەخانەكان لەلایەن حكوومەتی توركیاوە خرایە كار.
بەپێی ئەو زانیارییانەی كە پەیامنێری ئانادۆڵو لە وەزارەتی دەرەوەی توركیا دەستی كەوتووە، لە ساڵی 2015دا 7 ملیۆن و 232 هەزار و 322 گەشتیار لەڕێگەی سیستمی ڤیزەی ئەلیكترۆنییەوە داواكاری وەرگرتنی ڤیزەیان پێشكەش كردووە. لەو ژمارەیەش 6 ملیۆن و 343 هەزار و 581یان پەسەند كراوە، واتا سەدا 87یان توانیویانە لەو رێگەیەوە ڤیزە بەدەست بهێنن. بەوجۆرە لەچاو ساڵی رابردوودا وەرگرتنی ڤیزەی ئەلیكترۆنی بە رێژەی سەدا 17،4 زیادی كردووە.
سیستمی ڤیزەی ئەلیكترۆنی مانگی نیسانی 2013 خرایە كار و لە سەرەتادا هەفتانە نزیكەی دوو هەزار داواكاری لەو رێگایەوە پێشكەش دەكرا، لەئێستادا ئەو ژمارەیە زۆر بەرزە و رۆژانە 40 بۆ 45 هەزار داواكاری پێشكەش دەكرێت.
لە ساڵی 2015دا بە تێكڕایی رۆژانە 17 هەزار و 379 ڤیزەی ئەلیكترۆنی دراوە و بەرزترین ژمارە رۆژی 13ی تەمووز تۆماركرا كە تێیدا 46 هەزار و 747 ڤیزە درابوو.
ئەو وڵاتانەی كە زۆرترین كەس تێیاندا ئەو سیستمەی بەكارهێناوە بەپێی ریزبەندی بریتین لە ، بەریتانیا، عێراق، هۆڵەندا، پۆلۆنیا و بەلجیكا. داهاتی ڤیزەی ئەلیكترۆنی لەو ماوەیەدا 140 ملیۆن و 664 هەزار و 14 دۆلار بووە.
لە 17ی نیسانی 2013ەوە كە سیستمی ڤیزەی ئەلیكترۆنی كاری پێ دەكرێت، دەورووبەری 12 ملیۆن و 497 هەزار ڤیزەی ئەلیكترۆنی وەرگیراوە. خاوەنی ڤیزەى 10مين ملیۆن كە هاووڵاتییەكی بەریتانی بوو بەناوی مایكڵ جیرارد، بە بلیتێكی هێڵی ئاسمانی توركی خەڵات كرا.
لە ماڵپەڕی "www.evisa.gov.tr" لەماوەی تەنها 3 خولەكدا گەشتیار دەتوانێت ڤیزەی توركیا وەربگرێت. جگە لەوە دەتوانرێت لە دەروازە سنوورییەكان، فڕۆكەخانە و نوێنەرایەتییەكانی توركیا ڤیزە بە مەبەستی گەشتیاری و بازرگانی وەربگیرێت.