ئەنقەرە - AA
دوای ئەوەی سەعات ١٨:٣١ی ئەم ئێوارەیە لە شەقامی مەراسیم، نزیک مەیدانی ئینۆنو لە ئەنقەرە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو تەقییەوە. بەپێی ئامارێک ٢٨ کەس گیانیان لەدەست داوە و ٦١ کەسی تریش بریندار بوون. لە ئێستادا چارەسەری و تیماری بریندارەکان لە نەخۆشخانەکانی شاری ئەنقەرە بەردەوامە.
لە بارەی هێرشەکەوە جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، نومان کورتوڵموش رایگەیاند: "لە پشت ئەم رووداوەوە ھەر کەسێکی ھەبێت، ھەرکەسێکی پاڵپشتیان بێت ئاشکرای دەکەین".
جێگری سەرۆکوەزیران و گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا، نومان کورتوڵموش روونکردنەوەیەکی لەبارەی تەقینەوەکەی ئەنقەرە کرد و گوتی: "لەکاتی وەستانی پاسێکدا کە کارمەندانی سەربازیی ھەڵگرتبوو، بە ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو ھێرشێک ئەنجام درا و بەداخەوە بەپێی زانیارییەکانی ئێستا ٢٨ ھاووڵاتیمان گیانیان لەدەست داوە. ھاوشانی ئەوەی کە لە ناو قوربانییەکاندا برایانی سەربازمان ھەن، لەو بڕوایەداین کە کەسانی مەدەنیشیان لەناودا بێت. دوای سێ خولەک لە رووداوەکە ئۆتۆمبێلەکانی فریاگوزاری رەوانەی شوێنە کران. بە ٣ ئۆتۆمبێلی فریاگوزاری بریندارەکان گواستراونەتەوە. ھاوکات تیمەکانی پشکنین لە شوێنەکە دوای ماوەیەکی کەم لە رووداوەکە کۆنترۆڵی شوێنەکەیان کرد و دواتر بە سەرۆکایەتی داواکاری گشتیی ئەنقەر شاندێک کە لە حەوت داواکاری گشتیی پێکھاتبوو دەستیان بە لێکۆڵینەوەکان کرد".
کورتوڵموش هەروەها لە درێژەدا گوتی: "ئەم ھێرشە تەنیا ئەو کارمەندە سەربازییانەی نەکردۆتە ئامانج کە لەناو پاسەکەدا بوون. ئەم ھێرشە بەڕوونی کراوەتە سەر گەلە ئازیزەکەمان و دژ بەتەواوی میللەتەکەمانە و ھێرشێکی ناپاکانەی بێشەرەفانەیە. بەتوندی نەفرەت لەو ھێرشە دەکەین. گشت سەرەداوەکان بە وردی لێکۆڵینەوەی لەبارەیەوە دەکرێت. تاوەکو ئێستا ھیچ زانیارییەکمان لەبارەی بکەرەوە لەدەستدا نییە. روونکردنەوەیەکیش لەوبارەیەوە نەکراوە. لە ماوەیەکی کەمدا لە پشت ئەم رووداوە ھەر کەسێک ھەبێت، ھەرکەسێک پاڵپشتیان بێت ئاشکرای دەکەین".
گوتەبێژی حکوومەتی تورکیا ھەروەھا گوتیشی: "چەند ھەواڵێک لەبارەی تەقینەوەی دووەم لە ئەنقەرە لەسەر تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی بڵاو کراوەتەوە. بەڕاشکاوی دەێڵێم کە لە ئەنقەرە دووھەمین تەقینەوە رووی دا بەڵام ئەوە تەقینەوەی بۆمبی نەبوو. ھێزەکانی تەناھی پاکەتێکی گومانلێکراویان لەناو بردووە، لەکاتی پارچە پارچەکردنیدا، ئەو تەقینەوەیە رووی داوە".
ئەو لە درێژەدا گوتی: "ئەوانەی ھێرشەکەیان ئەنجام داوە، پلانداڕێژەرانی، ئەو دەستە ھەواڵگرانەی لە پشت ئەم جۆرە ھێرشانەوەن، ئەو لایەنانەی یارمەتی چەک و تەقەمەنی و لۆجستیکی و بگرە سیاسیش پێشکەش دەکەن، بەتوندی نەفرەتیان لێ دەکەین".
کورتوڵموش دەڵێت: "لە ھیچ شوێنێکی دنیادا ھیچ رێکخراوێکی تیرۆریستی لە گرووپێکی چەتەگەری دوو، سێ کەسی پێک نایەت. بەڕوونی دەزانین کە ئەم ھێرشانە بەباشی پلانیان بۆ دانراوە و بەڕوونی ئەمە دەبینین".
کورتوڵموش لە کۆتاییدا گوتیشی: "ھەرگیز دەستبەرداری پێداگرییمان دژ بە تیرۆر نابین. لە پشت ئەم رووداوەوە ھەرکەسێک ھەبێت، ھەرکەسێک پاڵپشتیان بێت، ئاشکرای دەکەین، لە ھەموو ئەمانە دەپێچینەوە. کەس ناتوانێت تەربیەتی تورکیا بدات لە رێی رێکخراوە تیرۆریستیەکانەوە، با کەس ھەوڵی رێکخستنەوەی تورکیا نەدات، شتێکی وا نەبووە".
- سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا بەتوندی ئیدانەی کردەوە تیرۆریستیەکەی کرد
لە ساتەکانی سەرەتای هێرشەکەدا سەرۆکایەتی ئەرکانی سووپای تورکیا لە رێگەی ماڵپەری فەرمی خۆیانەوە روونکردنەوەیەکی بڵاو کردەوە و بەتوندی ئیدانەی هێرشە تیرۆریستییەکانی کرد و رایگەیاند کە کردەوەکە لە کاتێکدا ئەنجام دراوە کە پاسێکی هەڵگری کارمەندانی سەربازی لە ترافیکدا وەستاوە.
ماڵپەری سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا رایگەیاندووە کە سەعات ١٨:٣١ بەکاتی ئەنقەرە لەکاتی تێپەڕینی کاروانێکی سەربازی هێزەکانی چەکداریی تورکیا لە نزیک مەیدانی ئینۆنو لەکاتی چاوەڕێ کردنیان لە ترافیکێکدا هێرشێکی تیرۆریستی ئەنجام دراوە. سەرۆکایەتی ئەرکانی سوپای تورکیا لە راگەیەندراوەکەیدا دەڵێت: "بەتوندی ئیدانەی ئەو هێرشە دەکەین، داوای لێخۆشبوونیش بۆ هاووڵاتییان و ئەو قارەمانانەی هاوەڵمان دەکەین کە لە هێرشەکەدا گیانیان بەخت کردووە، سەرەخۆشی لە کەسوکاریان و گەلی تورک دەکەین، هیوای چاکبوونەوەی بەپەلەش بۆ ئەو هاوەڵ و هاووڵاتییانەمان دەخوازین کە بریندار بوون".
-وەزیری دادی تورکیا بەکر بۆزداغ
لای خۆیەوە وەزیری دادی تورکیا بەکر بۆزداغ رایگەیاند کە تەقینەوەکەی ئەنقەرە بەهۆی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراوەوە ئەنجام دراوە و گوتی: "ئەوانەی هێرشە تیرۆریستییە ناپاکەکەی ئەمڕۆی ئەنقەرەیان ئەنجام دا، پلانداڕێژەرانی و ئەوانەشی رایانسپاردوون، هەرکەسێک بن، دەبێت بزانن کە دەوڵەتی کۆماری تورکیای هەتا ئەمڕۆ ملکەچ نەکردووە بۆ رێکخراوی تیرۆر و تیرۆریستانی ئەوان و داردەستەکانیان و ئاغاکانیان. لەمەودواش هیچ ملکەچمان ناکات. لێپێچینەوە لە هەر هێرشێکی تیرۆریستی دەکرێت".
- دەنگی تەقینەوەکەی ئەنقەرە لەناو پەرلەمانی تورکیا و لەکاتی مشتومڕی پێشنیارێکی جەهەپەدا، بیسترا.
لەکاتی بیستنی دەنگی تەقینەوەکەدا هەندێک لە پەرلەمانتاران بەهۆی دەنگەکەیەوە لە شوێنی خۆیان لەسەر کورسییەکان هەڵسانە سەرپێ. لەو کاتەدا پەرلەمانتاری هەدەپە لەسەر شاری ئیستانبوڵ فیلیز کەرەستەجیئۆغڵو داوای کرد کە ناوبڕێک بدرێت بە کۆبوونەوەکەی پەرلەمان تاکو زانیاری وەرگرن لەسەر دەنگی تەقینەوەکە.
لەو نێوەندەدا وەزیری دارستان و کاروباری ئاو، وەیسەل ئەرۆغڵو گوتی: "پەنجەرەی بینای دی ئێس ئای، شکاون و نازانین کە زەرەر و زیانەکانی چین بەڵام پێشبینی دەکرێت کە بریندار هەبن. لەو بڕوایەدام کە زانیاریی تەواو هات، ئەوکات روونکردنەوە دەدرێت بەڵام لێرەوە ئیدانەی ئەوانە دەکەین کە کارەکەیان ئەنجام داوە. هیوادارین کە کەس گیانی لەدەست نەدابێت. گرنگە لێرەوە بەردەوامی بدەین بە چالاکییەکانی پەرلەمان، وەک نواندنی هەڵوێستێک بەرامبەر بە تیرۆر".
- یەکەم کاردانەوەی نێودەوڵەتی لەبارەی هێرشەکەوە
وەک یەکەم کاردانەوەی نێودەڵەوتیش هەریەک لە باڵیۆزانی بەریتانیا و ئەمریکا لە رێی تویتەرەوە بە توندی ئیدانەی کردەوە تیرۆریستیەکەی ئەنقەرەیان کرد .
باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەنقەرە ریچارد مۆر و باڵیۆزی ئەمریکا جۆن باس، بەتوندی کردەوە تیرۆرستییەکەی ئەنقەرەیان ئیدانە کرد.
باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەنقەرە مۆر لە رێی هەژماری خۆیەوە لە تویتەر روونکردنەوەیەکی بڵاو کردۆتەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە داوە کە بەریتانیا لەم کاتە سەختەدا شانبەشانی تورکیا دەبێت ودەڵێت: "بەتوندی و روونی تیرۆریزم ئیدانە دەکەم".
مۆر لە تویتەرەکەیدا دەڵێت: "کردەوە تیرۆریستییەکە مەترسیدارە، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانییەکان دەکەم و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم".
لای خۆیەوە باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە جۆن باس لە تویتەری خۆیدا پەیامێکی بڵاو کردۆتەوە و رایگەیاندووە کە بەهۆی کردەوە تیرۆریستییەکەی ئەنقەرەوە زۆر نیگەرانەوە و دەشڵێت: "دڵمان و نزاکانمان لەگەڵ ئەوانەدایە کە بەر هێرشەکە کەوتوون".
- یەکەم روونکردنەوەی پلە باڵا لەسەر هێرشەکە
لە یەکەم کاردانەوەیدا بەرامبەر بە کردەوە تیرۆریستییەکەی ئەنقەرە، سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان رایدەگەیەنێت کە ئەوان رۆژ بە رۆژ زیاتر پێداگر دەبن لە رووبەڕووبوونەوەیان لە دژی ئەو هێزانەی لەپشت ئەوهێرشانەوەن و ئەوانەشی بوونەتە داشی ئەوانەی هێرشەکان ئەنجام دەدەن و هیچ سنوورێکی مرۆییان نییە.
ئەردۆغان هەروەها دەڵێت: "ئەوانەی وا دەزانن بە بەکارهێنانی رێکخراوەکانی تیرۆریستی، وڵاتەکەمان و میللەتەکەمان لە ئامانجەکانی دوور دەخاتەوە، دەیبینن کە هەڵەن. هەر شەهیدێک و هەر بریندارێکمان سەلمێنەری ئەو راستییەن کە وڵاتمان هەرگیز دابەش نابێت و بانگی حەقمان بێدەنگ نابێت و ئاڵاکەمان نانەوێت".
لە بەشێکی تری کاردانەوەکەیدا بەرامبەر بەو کردەوە تیرۆریستییە ئەردۆغان دەڵێت: "لە رێگەی ئەم هێرشانەوە، زیاتر پێداگر دەبین لەسەر بڕیاری رووبەڕووبوونەوەی هێرشەکانی ناوخۆ و دەرەوەی سنوور کە داهاتوومان دەکاتە ئامانج. تورکیا هیچ کات و لە هیچ شوێنێک و دۆخێکدا، لە مافی پاراستنی شەرعی خۆی راناکات".
- کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەمنی لە کۆشکی کۆماری تورکیا
لە گەڵ بەردەوامی لێدوانەکان سەبارەت بە تەقینەوەکەی ئەم ئێوارەیەی ئەنقەرە سەعات ٢١:٢٥ی ئەمشەو بەکاتی هەولێر، بە سەرۆکایەتی سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆبوونەوەی ئەمنی لە کۆشکی کۆماری تورکیا، دەستی پێ کرد.
لەو لووتکەیەی سەرۆکایەتی کۆماردا، سەرۆکوەزیران ئەحمەد داودئۆغڵو هەروەها بەرپرسانی دیکەش بەشدار دەبن. لە کۆبوونەوەکەدا هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەنقەرە تاوتوێ دەکرێت.news_share_descriptionsubscription_contact

