Mazın Asad
17 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2016
واشنتۆن - AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیانی تەقینەوەکەی ئەنقەرە کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارک تۆنەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا روونکردنەوەیەکی لەبارەی تەقینەوەکەی ئەنقەرە دا و گوتی: "بە دڵسۆزییەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیان دەکەین".
تۆنەر ئاماژەی بەوە دا چاودێری ھەواڵەکانی تەقینەوەکە دەکەن و راشیگەیاند تا ئێستا کەس بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە رانەگەیاندووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا روونیشی کردەوە کە باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە لێکۆڵینەوە لەبارەی بوون یاخود نەبوونی ھاووڵاتییانی لە شوێنی رووداوەکە دەکات و ئاشکراشی کرد کە کونسوڵخانەکانیان ئامادەیە ھەموو جۆرە ھاوکارییەک پێشکەش بە ھاووڵاتییانی بکات.
تۆنەر گوتیشی: "باڵیۆزخانەکانمان ھەروەھا راگەیەنراوێکی بەپەلەی بۆ ھاووڵاتییانی ئەمریکا بڵاو کردووەتەوە بۆ ئەوەی لە ناوچەکە دوور بکەونەوە و چاودێری پێشھاتەکان بکەن".
هەروەها لەم بارەوە سەرۆکایەتی کۆماری فەڕەنساش ئیدانەی تەقینەوەکەی ئەنقەرەی کرد.بەپێی روونکردنەوەیەکی فەرمی لە کۆشکی ئێلیزە، سەرکۆماری فەڕەنسا، فڕانسوا ئۆلاند ئیدانەی تەقینەوەکەی کردووە. لە روونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوە کراوە کە فەڕەنسا ھاوخەمی خۆی ئاراستەی گەل و کۆماری تورکیا دەکات. ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا سەرەڕای ئیدانەکردنی تەقینەوەکەی ئەنقەرە، پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیان کرد.