Mazın Asad
18 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 18 شوبات 2016
واشنتۆن - AA
وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیانی تەقینەوەکەی ئەنقەرە کرد.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، مارک تۆنەر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا روونکردنەوەیەکی لەبارەی تەقینەوەکەی ئەنقەرە دا و گوتی: "بە دڵسۆزییەوە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیان دەکەین".
تۆنەر ئاماژەی بەوە دا چاودێری ھەواڵەکانی تەقینەوەکە دەکەن و راشیگەیاند تا ئێستا کەس بەرپرسیارێتی خۆی لە تەقینەوەکە رانەگەیاندووە.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا روونیشی کردەوە کە باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە لێکۆڵینەوە لەبارەی بوونی یاخود نەبوونی ھاووڵاتیانی لە شوێنی رووداوەکە دەکات و ئاشکراشی کرد کە قونسوڵخانەکانیان ئامادەیە ھەموو جۆرە ھاوکارییەک پێشکەش بە ھاووڵاتیانی بکات.
تۆنەر گوتیشی: "باڵیۆزخانەکانمان ھەروەھا راگەیەنراوێکی بەپەلەی بۆ ھاووڵاتیانی ئەمریکا بڵاو کردووەتەوە بۆ ئەوەی لە ناوچەکە دوور بکەونەوە و چاودێری پێشھاتەکان بکەن".
-راوێژکاری ئەڵمانیا، ئانجێلا مێرکڵ: "پشتگیری تورکیا دەکەین"
راوێژکاری ئەڵمانیا، ئانجێلا مێرکڵ بە توندی ئیدانەی تەقینەوەکەی ئەنقەرە کرد و رایگەیاند: "لە بەرەنگاربوونەوەی ھێرشی دژی مرۆڤایەتی پشتگیری تورکیا دەکەین".
مێرکڵ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە دا کە بەوپەری خەمبارییەوە ھەواڵی تەقینەوەکەی ئەنقەرەی بیستووە و وەک حکوومەتی ئەڵمانیاش بە توندی ئیدانەی تەقینەوەکەی کرد.
راوێژکاری ئەڵمانیا ھەروەھا رایگەیاند: "بەھۆی تەقینەوەکەوە ھاوخەمی گەلی تورکیاین لە بەرەنگاربوونەوەی ھێرشی دژی مرۆڤایەتی پشتگیری تورکیا دەکەین. پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیان و ھیوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران دەکەین".
-سەرۆکایەتی کۆماری فەڕەنسا و وەزارەتی دەرەوە ئیدانەی تەقینەوەکەیان کرد
بەپێی روونکردنەوەیەکی فەرمی لە کۆشکی ئێلیزا، سەرکۆماری فەڕەنسا، فڕانسوا ئۆلاند ئیدانەی تەقینەوەکەی کردووە.
لە روونکردنەوەکەدا ئاماژەی بەوە کراوە کە فەڕەنسا ھاوخەمی خۆی ئاراستەی گەل و کۆماری تورکیا دەکات.
ھاوکات وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا سەرەڕای ئیدانەکردنی تەقینەوەکەی ئەنقەرە، پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی بنەماڵەی قوربانیان کرد.
-باڵیۆزی ئەمریکا و بەریتانیا ئیدانەی تەقینەوەکەیان کرد
باڵیۆزی بەریتانیا لە ئەنقەرە، مۆور لە ئاکاوتنی خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "بەریتانیا لەم ساتە سەختەدا پشتگیری تورکیا دەکات و بە راشکاوی ئیدانەی تیرۆر دەکەین".
مۆور تەقینەوەکەی ئەنقەرەی بە ھەواڵێکی ترسناک وەسف کرد و رایگەیاند: "پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیان و ھیوا چاکبوونەوەش بۆ بریندار دەکەین".
باڵیۆزی ئەمریکا لە ئەنقەرە، باس لە ئاکاونتی خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "بەھۆی ھێرشە تیرۆریستییەکەی ئەنقەرە خەمبار و لە شۆکدام. نزا بۆ برینداران دەکەم و دڵم لە لایانە".
ھەروەھا وەزیری دەرەوەی بەریتانیا، فیلیپ ھامۆند رایگەیاند حکوومەتی بەریتانیا بە توندی ئیدانەی تەقینەوەکەی ئەنقەرە دەکات.
ھامۆند لە ئاکاوتنی فەرمی خۆی لە تویتەر رایگەیاند: "بیر و فیکرم لەگەڵ قوربانیانی تەقینەوەکەی ئەمڕۆ ئەنقەرەیە. بەریتانیا بە توندی ئیدانەی تەقینەوەکە دەکات".
-پرسەنامەی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، پاوڵۆ گینتیلۆنی
وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا، پاوڵۆ گینتیلۆنی بەھۆی تەقینەوەکەی ئەنقەرە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی تورکیا کرد.
گینتیلۆنی لە گوتەیەکی لە کۆنفڕانسی رێکخراوی رۆژنامەنووسانی بیانی لە رۆما تیشکی خستە سەر تەقینەوەکەی ئەنقەرە و پرسەی ئاراستەی گەلی تورکیا کرد و گوتیشی: "بەھۆی تەقینەوەکەی ئەنقەرە خەمبارین و دەمەوێت ئەوە رابگەیەنم کە ئیتاڵیا پشتگیری لە گەل و حکوومەتی تورکیا دەکات".