ئەنقەرە
پەرلەمانتاری بەدەپە ئاڵتان تان داوای لە کۆمیسیۆنی ئامادەکاریی دەستووری نوێی تورکیا کرد ناوی ئەو کەسانە ئاشکرا بکا کە لە بەردەم ئامادەکردنی دەستووری نوێی تورکیا ئاستەنگ دروست دەکەن تا کۆمەڵگەی بزانێ ئەوانە کێن و چۆن بیر دەکەنەوە.
تان گوتی: "ساڵێک پێش ئێستا دەرکەوت چوار پارتە سیاسییەکەی نێو پەرلەمان ناتوانن دەستوورێکی نوێ بۆ تورکیا ئامادە بکەن. سەرۆکوەزیرانی تورکیا ساڵی رابردوو رایگەیاند ئەگەر پەرلەمان نەتوانێ دەستوورێکی نوێ ئامادە بکا ئەوا ئاکپارتی دەستووری خۆی پێشکەشی پەرلەمان دەکا، بەڵام سەرۆکوەزیرانی تورکیایش تا ئەمڕۆ ئەو بەڵێنەی بەجێ نەھێناوە."
ئاڵتان تان بەو جۆرە درێژەی بە قسەکانی دا: "بەدەپە رایگەیاندبوو کە ئامادەیە پشتگیریی لە ئاکپارتی بکا بۆ ئامادەکردنی دەستوورێکی نوێ، بەڵام دیارە ئاکپارتی وازی لەو پڕۆژەیە ھێناوە، لەڕووی سیاسییەوە فێڵ لە خەڵککراوە."
تان لە بارەی لێدوانەکانی جەمیل چیچەک، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند: جەمیل چیچەک دەڵێ من چی بکەم دەسەڵاتی من ئەوەندەیە. مادام بەو جۆرەیە ئەو کاتە راستییەکان بۆ رای گشتی ئاشکرا بکەن با خەڵک بزانێ کە چوار پارتەکە ناتوانن دەستووری نوێ ئامادە بکەن.