Dildar Baykan
07 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2021
واشنتۆن - AA
یاریدەدەری سەرۆکی ئەمریکا، مایک پێنس، ئیدانەی پەلاماردانی کۆنگرێسی لەلایەن لایەنگرانی ترەمپ-ەوە کرد.
ئەنجوومەنی پیران، بەهۆی پەلاماردانی کۆنگرێس لەلایەن لایەنگرانی ترەمپ دانیشتنەکەی وەستاند و دوای دووبارە بەرقەراربوونەوەی ئاسایش کۆبوونەوەکە دەستیپێکردەوە.
پێنس کە وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی پیران سەرپەرشتی کۆبوونەوەکەی دەکرد لە گوتاری دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکەدا رووداوەکانی بە "رۆژی رەش" ناوبرد.
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە دووبارە ئاسایش لە کۆنگرێس بەرقەرار بووەتەوە و رایگەیاند "کارەکانمان لەپێناو گەلەکەمان بەردەوامن، بەتوندترین شێوە ئیدانەی ئەو توندوتیژییانە دەکەین کە ئەمڕۆ لێرە روویاندا و نیگەرانین لەوەی کە رووداوەکان حاڵەتی گیان لەدەستدانی لێکەوتەوە."
یاریدەدەری سەرۆکی ئەمریکا جەختی لەوە کردەوە کە بەشێکی هێزە ئەمنییەکانیش لە کاتی رووداوەکاندا بریندار بوون و گوتی: "ئەو کەسانەی ئەمڕۆ بینای کۆنگرێسیان شێواند هەرگیز نایبەنەوە، ئازادی هەمیشە براوە دەبێت. ئێرە هێشتا ماڵی گەلە. لە دووبارە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکەماندا جارێکی دیکە شایەتی بۆ هێز و خۆڕاگری دیموکراسی دەدەین."
لای خۆشییەوە سەرۆکی زۆرینەی ئەنجوومەنی پیران، میچ ماککۆنێل، تیشکی خستە سەر ئەوەی ئامانجیان بووە لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆدا ئەنجامی هەڵبژاردنەکان بەفەرمی رابگەیەنن و گوتی: "لەبەردەم نادادپەروەری و فشاردا چۆکدانادەین و لە ئەرکەکەمان بەردەوامین".
بەهەمانشێوە سەرۆکی کەمینەی ئەنجوومەنی پیران، چەک شومەر لە بارەی رووداوەکانەوە پەنجەی تۆمەتی بۆ دۆناڵد ترەمپ درێژ کرد و رایگەیاند: "ئەو رووداوانەی ئەمڕۆ روویاندا لەکەیەکیان لە مێژووی وڵاتەکەماندا دروست کرد کە بەئاسانی ناسڕدرێتەوە".
جێی وەبیرهێنانەوەیە لایەنگرانی دۆناڵد ترەمپ دوابەدوای میتینگێکی بەردەم کۆشکی سپی، هەڵیانکوتایە سەر بینای کۆنگرێس.
ماوەیەکی کەم دوای دروستبوونی پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان بەشێکی خۆپیشاندەران چوونە ناو بینای ئەنجوومەنی پیران، بەمهۆیەوە کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکە وەستێندرا.
بەهۆی رووداو و توندوتیژییەکانیشەوە لە کاتژمێر شەشی ئێوارە تا کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە واشنتۆن-ی پایتەخت قەدەغەی هاتوچۆ راگەیەندرا.
لە رووداوەکاندا ژنێک گیانی لەدەستدا و ژمارەیەکی زۆریش لە هێزە ئەمنییەکان بریندار بوون.